کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەشداریی لە کۆنفڕانسی پارتی لیبرال دێموکڕاتی بریتانیادا کرد

21:27 - 29 خەرمانان 2716

کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی لیبرال دیموکراتی بریتانیا لە شاری "برایتۆن"ی دەستی پێکردوە. لە سەر بانگهێشتی رەسمیی ئەو پارتە و کاک مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوو. ئەوە یەکەمجارە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنفڕانسی ئەو حیزبە بەدەسەڵاتەی بریتانیا بانگ دەکرێ. لەو کۆنفڕانسەداکە بڕیار وایە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و لە ڕۆژانی ١٨ هەتا ٢٠ سپێتامبر درێژەی هەبێ، کۆمەڵێکی زۆر لە وەزیر، پارلمانتار، لۆرد و سیاسەتمەدارانی بریتانیا، نوێنەر و باڵوێزی وڵاتان و حیزب و ڕێکخراوە دەستە خوشکەکانی پارتی لیبرال، بە درووشمی " بڕیکسێت" واتە کشانەوەی بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا و کارتێکەریی و ڕەنگدانەوەی لە سەر ئەو هاوپەیمانەتییە دەستی بە کارەکانی کرد. لە پانێلەکانی ئەو کۆنفڕانسە دا چەند کەسایەتی ناسراوی ئەو پارتە وەک: ڕۆبێرت وود تۆرپ برۆن، سەرۆکی پەیوەندییە نیونەتەوەییەکان؛ کاترین بیاردەر، ئەندام پارلمان؛ بارۆنیس سارا لووت فۆرد، وتەبێژی پارلەمان لە بەشی لۆردەکان؛ لۆرد پادی ئاش داون، سەرۆکی پێشووی پارتی لیبرال دیموکرات کە ئیستا سەرۆکی بزووتنەوەی ئورووپایە و هەروەها لۆرد ویلیام والیس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە دیوی لۆردەکان قسەیان کرد. سەرجەم باس و خواسەکانی ڕۆژی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر کشانەوەی بریتانیا لە یەکیەتیی ئوروپا و کارتێکەری و سوود و زیانەکانی ئەو بڕیارە. پێویست بە ئاماژەیە کە لەمیانەی کۆبونەوەکەدا کاک مەولوود سوارە، نوێنەری حیزب توانی لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی پیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبە، بەرێز "رۆبێرت وود تۆرپ برۆن" و هەروەها خاتوو "هاریەت شۆن"،ی بەرپرسی نووسینگەی نێونەتەوەیی و سەرۆکی بنیادی دیمۆکراسی و پرۆگرام لە پارلمانی بریتانیا و، هەروەها بەرێز فیل بێنیۆن، بەرپرسی لیبرال ئینتەر ناشیونال، بلۆکی بریتانیا دیدار و چاوپێکەوتن بکا. پێویست بە گوتنە کە زیاتر لە ٥١ دیپلمات و باڵوێزی وڵاتانی بیانی و نوێنەری و کەسی یەکەمی بەشێك لە حیزبەکان لەو کۆنفڕانسەدا بەشدارن و لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانیش دا تەنیا دوو حیزبی کوردی، لە رۆژهەلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە باشووری کوردستان پارتی دێموکراتی کوردستان بەشداری ئەم کۆنفرانسە بوون.