کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی شەهیدانی بێرلین و شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی لە ئەمریکا

05:01 - 2 رەزبەر 2716

کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا کۆڕیادێکیان بۆ یادی ٢٤ ساڵەی شەهیدانی بێرلین، شەهیدی رێبه‌ر دوکتور سەعید شەرەفکەندی و کاک فەتاح عەبدوولی و کاک هومایون ئەردەڵان و هەروەها شەهیدانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهیدان کاک ئازاد ئاڵی و کاک ئەمیر نستانی پێکهێنا ئەو کۆڕیادە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەرمانان بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان دەستی پێکرد. سەرەتا کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا به‌ ئاماژە بە وتە هەرمانەکەی شەهید دوکتور عەبدوولڕەحمان قاسملوو کە "باشترین پاداش بۆ شەهیدانمان درێژەدانی ڕێگایانە" گوتی: ئەم چەشنە کۆبوونەوانە دەتوانن دەرەتان و مەجالێکی باش بڕەخسێنن بۆ خەسارناسی هەمەلایانەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان. دواتر تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کاک موراد ئەحمەدی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی لە وڵاتی ئەمریکا پێشکەشی ئامادەبووان کرد. کاک موراد بە ئاماژە بە دەوری بەرچاوی شەهید دوکتور شەرەفکەندی لە خەباتی چەکداری ئەوان سەردەم، ئاماژەی بە خەباتی چەند ڕەهەندی و هەمەلایانە کرد و باسی لە بەرز نرخاندنی کار و تێکۆشانی چالاکڤانانی ناوخۆ و خەباتی مەدەنی کرد باس لە ژیان و خەباتی دوو شەهیدی تازەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێزان کاک ئازاد ئاڵی و کاک ئەمیر نستانی هەوێنی بابەتێکی خوشکە نەسرین کەریمی ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئەمریکا بوو. پاشان کاک پەیمان ڕەحیمی بە خوێندنەوەی شێعرێکی بەهەستی شاعیری ناسراو خاڵە قازی، گەرمییەکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی کاک خەبات ئیبراهیم‌پوور بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە واشنتۆن، لە بابەتێکدا تاوتوێی خەباتی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانی کرد لە بەشێک لە وتارەکەیدا کوتی: بە بەراوەرد لەگەڵ سەرەتای هەشتاکان گوتاری ڕۆژهەڵات زاڵترین گوتاری هەر چوار پارچە بوو، گوتارێک کە بەتەواوی میراتگری گوتاری سەردەمی کۆماری کوردستان بوو، گوتارێکی ناسیۆنالیستی لە سەر چەند بنەمایەکی سۆسیالیستی، کە سەیری کلیل وشەکانی ئەم گوتارە دەکەی وەک: کۆمار، ئاڵا، سروودی نەتەوەیی، پێشمەرگە، شەهید، نیشتمان، وڵات، ئەندام، یارمەتی و هتد..ئێستاشی لەگەڵدا بێ گوتاری پارچەکانی تری کوردستان هەر وامداری گوتاری کۆمارن. لە کۆتاییدا ئاماژەی کرد کە خرۆشی شار و جۆڵەی شاخ، دەتوانن سەرەتایەکی شیاون بۆ نۆژەن کردنەوەی گوتاری ڕۆژهەڵات بن. مامۆستا ناسر باباخانی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی کە وەک میوان لە کۆڕەکەدا بەشدار بوو بابەتێکی بە ناوی "سێ کوچکەی خەبات" پێشکەش کرد. بەڕێزیان وتیان: دەکرێ ئێلێمانە سەرەکییەکانی خەبات لە فۆرمی سێ‌کوچکەیەکدا کە بریتین لە حیزب و هێزەسیاسییەکان، خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردی دیاسپۆرا کۆکەینەوە. خوێندنەوەی ئەزموونەکانی ڕابردوو پێمان دەڵێن کە ئەم سێ پاژە دەتوانن بە هەموو وردە جیاوازییە فکرییەکانیان (بە هۆی ژینگەی سیاسییان) لەسەر هاوکێشەکان شوێندانەربن. هەرکاتێ ئەم سێ‌کوچکەیە و هاوئاهەنگ بوون، شوێندانەری ئەم یەکڕیزییەمان بە کردەوە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بینیوە. بۆیە پێویستە بە خەسارناسییەکی زانستی و واقعبینانە و بە دوور لە کەشوهەوایەکی ئیحساسی، بەربەستەکانی خەباتێکی هەمەلایانە دەسنیشان بکەین. کاک ناسر لە وتەکانیدا بە تێروتەسەلی باسی لەم هۆکارانە کرد 1-پڕکردنەوەی کەلێنەکان، ٢-قۆستنەوەی هەلەکان، ٣-سازدانی گوتارێکی هاوبەش، ٤-بە دەستەوەگرتنی فەزای سۆشیال مێدیا، ٥- کەڵکوەرگرتن لە وزەی میدیاکانی جیهانی. ئەم کۆڕیادە بە خوێندنەوەی شێعرێکی پڕلە هەست لە لایەن مامۆستا محەممەد سەلیم کۆتایی پێهات.