کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەروایزی کۆنفرانسی پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی بریتانیا نوێنەری حدک باسی لە سیاسەتەکانی حیزب کرد.

01:02 - 4 رەزبەر 2716

ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسی پارتی لیبراڵ دیموکراتی بریتانیا، بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە نوێنەرایەتی و باڵویزی وڵاتان و حیزبە سیاسییە کان لە شاری شاری برایتۆن بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی باس و خواستەکانی دانیشتنی ڕۆژی دووهەمی ئەو کۆنفڕانسە، تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر بارودۆخی نێوخۆیی بریتانیا و پێداچوونەوە و ئاوڕ دانەوە لە هەڵەی حیزبەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت دوو حیزبی سەرەکیی کە ماوەی چەند دەورە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە بووە. بەشێکی زۆری ئەو باسانە تەرخان کرا بۆ باس سەبارەت بە پرسی هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە بازاڕی هاوبەشی یەکێتی ئورووپا و پرسی پەنابەران و کێشە و گرفتی شەپۆلی بەربڵاوی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەتی بریتانیا. نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ مەولوود سوارە،  دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ هەر یەکە لە "خاتوو کەیلا ماری" سکرتێری ژنان لە لیبراڵ دیموکرات و خاتوو "ئیمی جۆردن" بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی لیبراڵ دیموکرات لە "وێلس" پێک هێنا. لەو دیدارەدا هاوڕێ مەولوود سوارە، بۆ ناساندنی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان و چۆنیەتی دامەزراندنی پردی پەیوەندی نێوان ئەو ڕێکخراوانە، باسێکی کورتی پێشکەش کرد و هەیئەتی خانەخوێ بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەو پێشنیارە کرد. هەر لەو پەیوەندییەدا هاوڕی مەولوود سوارە  لەگەڵ بەڕێزان خاتوو کارۆلین، خاتوو کارۆلاین پیدگیۆن کاندیدی پێشووی لیبراڵ دێموکرات بۆ شارەوانی لەندەن و ئەندامی شوررای لەندەن، بەرێز جۆسێپ تایلۆر سکرتێری دووهەمی بەشی سیاسی لە سەفارەتی ئەمریکا لە لەندەن و بەرێز ئۆسکان دومان کونسولی ترکیە لە لەندەن دیدارو چاوپێکەوتنی کرد. جێگەی ئاماژەیە کە لەو دیدارانەدا سیاسەت و ستراتیژی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و حزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەنانەت تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیم بەوردی شیکردەوە. هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی لاوانی لیبڕال دیموکرات‌دا وێڕای باس کردن لە سەر ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای پەیوندی نێوان ئەو دوو ڕێکخراوەیە کرا، کە لاوانی لیبڕاڵ دیمۆکراتی بریتانیاش ئامادەگیی خۆیانیان بۆ ئەو مەبەستە دەربڕێ