کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس و شەهیدانی ئازاد ئاڵی وئەمیر نەستانی لە وڵاتی سویس

21:54 - 6 رەزبەر 2716

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و یەکێتییەکانی ژنان و لاوان  بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی میکۆنۆس و هەروەها ٢ شەهیدی نوێی حدک، شەهیدان ئەمیر نەستانی و ئازاد ئاڵی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی سێپتامبری ٢٠١٦ی زایینی لە شاری "بیل"ی وڵاتی سویس، سمینارێکی بۆ بەڕیز مامۆستا عەبدوڵا حەسەن‌زادە، تێکۆشەری دێرینی حیزب و ئەدیبی بەناوبانگی گەلەکەمان پێک‌هێنا. لەو سمینارەدا بەڕیز مامۆستا عەبدوڵا حەسەن‌زادە باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس و شەهیدانی ئەو تێرۆرە ناوجوانمێرانەیە پێشکەش کرد. هاوکات باسی لە پلەی بەرزی شەهید و بە تایبەت هەردووک شەهیدی نوێی حیزبەکەمان شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیرنستانی کرد. دوای ئاوردانەوەیەک لە هەلومەرجی ئێستا کوردستان بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ، باسی لە جێگە و پێگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە ناو کۆمەڵانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و تەنانەت خەڵکی ئێران‌دا بە گشتی کرد و لەو بڕوایە دا بوو کە ئەوە تەنیا حیزبی دیموکراتە بەو ڕابردووە پڕ لە هەوراز و نشێوە و بەو سیاسەتە حەکیمانە و خەڵک پەسندەی کە هەیەتی، لە ئێستا و داهاتوودا ئەتوانێ ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بکات. لەبەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا مامۆستا فەوزی ڕەمزی کەسایەتی سیاسی و ئەدەبیی کورد، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، بە دوای ئەودا هاوڕێی "زاهید شاعیری" بەرپرسی کومیتەی حدک لە وڵاتی سویس باسێکی سەبارەت بەو ڕۆژە گرینگ و مێژووییانەی کە لە ڕۆژمێری خەباتی گەل و حیزبەکەماندا هەن کرد و، داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان‌ کرد کە لانیکەم لەو ڕۆژانەدا زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە بڕگەی دیکەی ئەم سمینارە خوێندنەوەی پەخشانێک بوو لە لایەن ڕەحمان ئیبراهیم‌زادە و ئینجا چەندین حیزب و ڕێکخراوی بەشدار پەیامی هاوخەمیی خۆیانیان پێشکەش کرد. کە بریتی بوون لە: -یەکێتی نیشتمانی کوردستان -کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان -سازمانی خەباتی نەتەوایەتی کوردستانی ئێران -کەسایەتی ناسراوی کورد مامۆستا فەوزی ڕەمزی