کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نوێنەرایەتی ح د ک، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کرێکارانی بریتانیا

01:19 - 9 رەزبەر 2716

لە درێژە کاروچالاکییە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا، ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵانی ڕابردوو و لە سەر بانگهێشتی فەرمی پارتی کرێکارانی بریتانیا " لیبەر پارتی" لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لەو وڵاتە، بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاران کرد. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سێپتامبری ٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداری سەدان کەس لە نوێنەرانی ئەو پارتە، دەیان وەزیر و ئەندامانی پارلەمان، نوێنەر و باوڵویزی ولاتانی جیهان و حیزب و ڕێکخراوە بریتانی و جیهانییەکان، کۆنفڕانسی ساڵانەی لیبەر پارتی، لە شاری لێڤەرپۆل دەستی بە کارەکانی کرد. بە پێی نەریتی باو، ٢ ڕووژی یەکەمی ئەو کۆنفڕانسە، بۆ بەشداری میوانەکان دیاری کراوە. کۆنفرانسی ئەم ساڵ جیاوازی زۆری بوو لەگەڵ کۆنفرانسی ساڵانی پێشوو. سەرلەبەیانی ئەم رۆژە یەکەم دیداری نوێنەری حیزب لەگەڵ بەرێز جێرمی کۆربین سەرۆکی لیبەر پارتی ڕێکخرا. لەو دیدارە دا لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستە کرا بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەوە. ئەم کۆنفرانسە لەچەندین پانێل پێک هاتبوو: کە ئەوەی زیاتر پیوەندی بە دۆزی ڕەوای کوردەوە بە بایەخەوە لە لایەن نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکانەوە بایەخی پێدرا و لە جێگەی پێوست دا سەبارەت بە بابەتە پەیوەندی دارەکان هەڵوێست گیرا. لە پانێلی بەشی وەزارەتی دەرەوە لەسێبەر، چەندین پرسیار ئاڕاستەی بەڕێز وەزیری دەرەوە کراوە و داوای ڕوونکردنەوەی لێکرا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بریتانیا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەر دا دابەش کراوە. لە وڵامدا بەرێز خاتوو ئەمیلی تۆنبێری ئەندامی پارلمان و وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە پارتی کارگەر (حکومەتی سێبەر دا) وڵامی بەشێک لەپرسیارەکانی دایەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، کۆنفڕانس سیاسەتەکانی ساڵانی پێشووی حکومەتی بریتانیایان دایە بەر رخنە و بە ئاماژە بەوەی کە سیاسەتی ئەو وڵاتە لە هەمبەر شەڕ لە عێراق و لیبی سیاسەتێکی چەوت بووە، پیداگریان کردەوە لە سەر ئەوەی کە دیموکراسی و دامەزراندنی حکومەتێکی گەلی لە ڕێگەی بوردمانی ئاسمانییەوە دەستەبەر ناکرێ. لەپیوەندی لەگەڵ ئێران نوێنەری حیزب هاوڕێ مەولوود سوارە پرسیارێکی ئاراستەی بەرێز ئەمێلی تۆنبێری کرد کە ووتی: لە ئێران مافەکانی مرۆڤ پێ شێل دەکرێن و بەهەزاران زیندانی ئێرانی و کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دان، زۆر لە کوردانی زیندانی چاوەروانی لەسێدارەدانن، کۆلبەرانی کورد کە بۆ بژێوی ماڵ و منداڵیان هاوتووچۆی ناوچە سنووریەکان دەکەن ڕۆژ نیە نەکەونە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر لە داهاتوو ئێوە دەسەڵاتتان کەوتە دەست هەڵوێستتان چۆن دەبێ لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە دا؟ بەرێزیان خۆی لە وڵامدانەوەی ڕاستەخۆ پاراست و داوای کرد کە نوێنەری حیزب دوای کۆنفڕانسەکە بە تایبەتی دانیشتنیان لەگەڵ دا بکات. لە پەڕاوێزی ڕۆژی یەکەمی ئەو کۆفڕانسە دا نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، چاوی بەبەشێکی بەرچاو لە میوانان و بەشدار بووان و ئەندامانی پارلمان کەوت. هەرجەندە بەشێک لەو دیدارانە نوێکردنەوەی پەیوەندی نێوان دوو لایەن بوو، بەڵام بەشێکی دیکەیان دۆستی تازە و پیوەندیە دیپلوماسی تازە بوون کە هەم بۆ حیزب و هەم بۆ گەلەکەمان بایەخی خۆیان دەبێ لە داهاتوو دا. - بەرپرسی بەشی پیوەندیەنێونەوتەوەیەکانی لیبەر پارتی بەرێز خاتوو جۆ گرینینگ - بەرێز کریستۆفەر باتس یاریدەری پرۆژەکانی نێونەتەوەی لەبەشی پیوەندیە نێونەتەوەیەکان - خاتوو نەبیلە ستار بەرپرسی پرۆژە نێونەتەوەیەکانی لیبەر پارتی - خاتوو سارا رۆنی رێکخەری پرۆژە نێونەتەوەیەکان. - بەرێز جۆن سنۆ رۆژنامەوان، لێکۆلەرەوە، پێشکەش کاری بەرنامەی سیاسی تایبەت لە تەلەفزیونی هەوالی نێو دەولەتی. جێگەی ئاماژەیە کە ناوبراو سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی سەردانی ئێران و کوردستانی کردوەو لە شاری سنە بەرنامەی تایبەتی هەبووە. - خاتوو لەتیفە پێری یاریدەدەر و بەرێوەبەری نوسینگەی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست، کە بەدرێژە لەسەر رووداوەکانی کوردستان و هەروەها گرتنی کۆنگرەی ئیس ئای و زۆر بابەتی تر لەو پیوەندیەدا قسەو باسی لێکرا. - بەرێز ئین لیکۆز ئەندامی پارلمانی بریتانیا - بەرێز ئەندی لۆف ئەندامی پارلمانی بریتانیا - بەرێز مێکی برادی ئەندامی شین فەین و ئەندامی پارلمانی ئیرلەندا - بەرێز جۆ دەویار لەبەشی سیاسی شین فەین - دۆمیلەنک سەلاشاندۆ لە حیزبی کۆنگرێسی بۆستوانا - سەیفەدین الدراجی بەشی سیاسی لە بالوێزخانەی عێراق لە بریتانیا - بەرێز کۆفی ئەتۆر بەرپرسی پیوندیە نێونەتەوەیەکان لەوڵاتی گانە ئەفریقا - دکتۆر کاترین دینی جێگری کۆمیتەی ژنان لەولاتی گانە لە ئەفریقا - بەرێز یوشوفۆمی ئۆهۆرا سکرتێری یەکەم لە بالوێزخانەی ژاپن لە لەندەن - بەرێز یو ئۆسیۆمی بالوێزی ژاپن لە لەندەن هەر هەمان ڕۆژ لەگەڵ ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانەش چاوپێککەوتن کرا کە بانگهێشتی ئەو سمینارە کراون: - پارتی دێموکراتی کوردستان - یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان - کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - پارتی دێموکراتی گەلان - خاتوو فەلەک ناس ئاجودە ئەندامی پارلمانی ترکیە لەسەر لیستی هادپ هەروەها ئێوارەخوانێك لەلایەن حیزبی خانەخوێ بۆ میوانانی بەشدار رێکخرا کە لەو ئێوارە خوانەشدا دیدار و چاوپێکەوتن لەگەل بەشێکی بەرچاو لە بەشدارانی ئەو کۆنفڕاسە کرا.