کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕیوەچوونی سمینارێک لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم

23:57 - 13 رەزبەر 2716

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی لە لایەن کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد سمینارێکی بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە و بەشێک لە میوانان و دۆستانی ڕێکخراوەکە پێک‌هێنا کاتژمێر ١١ی پێشنێوەڕۆ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کوردستان سمینارەکە دەستی پێکرد. لە لایەن خاتوو فرشتە عەبباسی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری چەند وتەیەک بە کوردی و بە سوئێدی پێشکەش بە بەشداربووان کرا. بەرێزیان وێڕایی باس لە ئامانج و مەبەستی ئەم سمینارە کۆرگێری یەکەم خاتوو گونور نگارامبێ بە بەشداربووان ناساند. کۆرگێڕی یەکەم خاتوو گونور نگارامبێ بەرپرسی گشتی رێکخراوەی IKFلە سوئید و ئەندامی بەڕێوەبەری لە کڤینۆلۆبی(Kvinnolobby ) ژنان کە بۆ یەکسانی ژن و پیاو و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەی سوئێد دا کار دەکا، باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی "چۆن دەتوانین مافەکانی ژنان لە ڕێگای کونوانسیۆنی نێونەتەوەی بەهێز بکەین" پێشکەش کرد و هاوکات ئەزموونەکانی خۆی بۆ بەشداران باس کرد. دوای ئەم بەشە کۆڕگێری دووهەم کاک سالار شەڵماشی شارەزا لە بواری کۆمەڵناسی و مەسەلە سێکسی‌یەکان باسکەی خۆی لە ژێر ناوی "لەشی ژن گۆڕەپانی شەڕە" دەست پێکرد، باسی بەرێزیان چەندین تەوەری جیاوازی لەخۆ گرتبوو. کۆڕگێری سێیەم دوکتور کوێستان گادانی بوو کە باسێکی لە سەر خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو) پێشکەش کرد. دوکتور کوێستان گادانی بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ڕابردوو، ڕۆڵی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سێ قۆناخی جیادا بە وردی باس کرد و دواتر لە سەر دەسکەوتەکان و کەم و کوڕی‌یەکانی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات چەندین نموونەی تایبەت بە بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لە هەر سێ بەش لە قسەکانی هەر سێ کۆڕگێر دا بەشداران بە دەربرینی بیرو بۆچوون و تێ‌بینی و پرسیار و پێشنیار باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و دواتر کۆڕگێرەکان وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە و بەم شیوەیە بەشی وتاری ئەم سمینارە کۆتایی پێهات. برگەی دیکەی ئەم سمینارە باسێکی کورت بوو لەسەر ئەرک ورۆڵی لاوان بۆ بووژانەوە وچاکتر کردنی رێکخراوی لاوانی دیمۆکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەم باسە لە لایەن "ئاکار نستانی" یەوە پێشکەش کرا. لە برگەی دیکەی ئەو سمینارە  لاوەکان بە نیشان دانی جلوبەرگی کوردی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەرنامەکەیان ڕازاندەوە و لەم بەشەدا خاتوو شیلان ساڵحی بە کورتە پێناسەیەک لە سەر هەموو شێوە جل و بەرگەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی خستە بەر باس. ئەو سمینارە بە پێشکەش کردنی چەند تابلۆ گۆرانی کوردی لە لایەن هونەرمەند  کاروان حەکیم زادە"وە کۆتایی پێهات.