کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی مامۆستا "هێدی"دا

18:01 - 8 خەزەڵوەر 2716

بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان تەرمی مامۆستا خالید حیسامی( هێدی) لە پیرمام لە باشووری کوردستان بە خاک سپێردرا. ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی مامۆستا هێدی لە بەر دەرکی ماڵی خۆی لە نێو شاری هەولێر دەستی پێکرد و لە پیرمام لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە نیزیک مەزاری فەلەکەدین کاکەیی، ڕووناکبیر و کەسایەتیی سیاسیی هەڵکەوتووی کورد ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کرا و کۆڕی سەرەخۆشیی مامۆستا هێدی لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر درێژەی دەبێ. لە ڕێوڕەسمی ناشتنی مامۆستا هێدی‌دا پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن کاک فازڵ میرانی، پەیامی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دوکتور سالار عوسمان، پەیامی یەکیەتیی نووسەرانی کورد لەلایەن کاک عەبدوڕەعمان فەرهادی، پەیامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن کاک جەلیل گادانی، پەیامی بنەماڵەی مامۆستا هێدی لەلایەن کاک ناسر حیسامی، پەیامی نووسەران و ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کاک مستەفا ئیلخانیزادە پێشکێش کرا و کاک حەسەن دانشفەر، نووسەر و کەسی نیزیک لە مامۆستا هێدی لە سەر کەسایەتیی مامۆستا هێدی و پێوەندییە عاتفییەکانی لەگەڵ نەمر مستەفا بارزانی بۆ بەشداران دوا. شاعیری ناسراوی کورد خالید حیسامی ناسراو بە هێدی، دوایین شاعیری یادگاری کۆماری کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. خالید حیسامی لە ساڵی ١٣٠٦ی لە گوندی شێخاڵی سەر بە شاری بۆکان لە دایک بوو. ئەو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە ناوی هێدی شێعر و نووسینەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکانی کۆماردا بڵاو دەبوونەوەو و پاش هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول رووی کردە باشووری کوردستان و بووە پیشمەرگەی شۆرش و چەند ساڵ لە بەشی رادیۆ و چاپەمەنیی شۆرشدا کاری کرد و لە کەسانی خۆشەویستی نەمر بارزانی بووە. ئەو لە پاش راپەڕین و دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی لە باشووری کوردستان ژیا.