کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی بەربڵاوی کوردانی جیهان لە رێبەرانی دەسبەسەرکراوی پارتی دێموکراتیکی گەلان

18:39 - 16 خەزەڵوەر 2716

دوای کردەوەی نادێموکراتیکی دەوڵەتی ئەردۆغان کە لە هەڵمەتێکی چاوەرواننەکراودا هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلانی لە گەڵ ٩کەسی دیکە لە نوێنەرانی کوردی لە تورکیە دەسبەسەرکرد، کۆمەڵیک نارەزایەتیی و خۆپێشاندانی لێکەوتەوە. بۆ ئیدانە کردنی ئەم کردەوەیەی حیزبی دەسەڵاتدار لە تورکیە و پاڵپشتی کردن لە دەسبەسەرکراوان، کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی ئورووپایی لە بەردەم باڵوێزخانەکانی تورکیە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا و سیاسەتی نادێموکراتیکی دەوڵەتی ئانکارایان مەحکووم کرد. لە یەکەم رۆژی بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەسبەسەرکردنی رێبەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان، کوردانی دانیشتووی وڵاتانی ئامریکا لە بەردەم باڵویزخانەی تورکیە خۆپێشاندانێکان وەرێخست و داوایان لە دەوڵەتی ئامریکاش کرد زیاتر گوشار بخاتە سەر تورکیە بەمەبەستی پابەندبوونی بە بنەماکانی دێموکراسیەت و گەڕانەوەی بۆ دەسپێکردنی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باکوور و واز هێنان لە میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان. لە سێیەمین رۆژی دەسبەسەرکرانی رێبەرانی هەدەپە لە چەند وڵاتی ئورووپایی وەک ئاڵمان، بریتانیا و ئوتریش رێپێوان و خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لەو رێپێوانانە‌دا کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەڵگرتنی تراکت و دروشمی پێوەندیدار، هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئەردۆغانیان مەحکووم کردو خوازیاری ئەوەبوون کە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی رۆژئاوایی لە هەمبەر ئەم کردەوە نادێموکراتیکە، بێ‌دەنگ نەبن. هەروەها لە شارەکانی باشووری کوردستان کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان لەم بارەوە هەڵویستیان گرت. هەر لەو پێوەندییە‌دا لەلایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتیش کەمپەینێک بۆ مەحکووم کردنی دەوڵەتی ئەردۆغان وەرێخراوەو و بڕیارە بەشێوەیەکی رێگەپێدراو لە شارەکانی رۆژهەڵات خۆپێشاندان بکرێت. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن دوابەدوای هێرش کردنی پۆلیسی تورکیەو دەسبەسەرکردنی ١١ ئەندام پارلمانی هەدەپە، شارەکانی تورکیە لە گەڵ دۆخێکی نائاسایی رووبەڕوو بۆتەوە.