کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ئەندامانی حدک لە خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتیی لە دەسبەسەرکراوانی "هەدەپە"، لە وڵاتی فینلاند

18:25 - 24 خەزەڵوەر 2716

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری تۆرکۆی وڵاتی فینلاند لە کۆبوونەوەی نارەزایەتی دەربڕین لە کردەوەی نادێموکراتیکی پۆلیسی دەوڵەتی ئەردۆغان و هەرەها پاڵپشتی کردن لە رێبەران و نوێنەرانی دەسبەسەرکراوی هەدەپە، بەشدارییان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە یەکگرتوویی و بە هەڵگرتنی تراکت و دروشمی پێوەندیدار و بەرزکردنەوەی وێنەی هاوسەرۆک و پارلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، ناڕەزایەتی توندی خۆیان دژ بە سەرکوت و گرتن و هێرشی پۆلیس و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی تورکیە بۆ سەر ڕێکخراوە مەدەنی و خەڵکییەکان، مەحکووم کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە نوێنەری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕیکخراوە کوردستانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەو کۆبوونەوەیە دا بەشداربوون و پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانیشەوە، هاوڕێ وەستا ڕەحمان خالیدنژاد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. هاوڕێ وەستا ڕەحمان وێڕای مەحکووم کردنی گیرانی تێکۆشەرانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیە، هیوای خواست کە حکوومەتی تورکیە ژیرانە بیر بکاتەوە و، هەوڵی سەرلە نوێی بۆژاندنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بدات لەو وڵاتە دا؛ چونکە درێژەی شەڕ و بێدەنگ کردنی ئازادیخوازانی کورد و تورک، زیان بە داهاتووی ئەو وڵاتە و دۆستایەتیی نێوان هەردووک نەتەوەی کورد و تورک دەگەیەنێ. جێگەی باسە کە ئەو چالاکییە کاتژمێر ٤ی ئێوارە لە ناوەندی شاری تۆرکۆ دەستی پێکرد و دوای کاتژمێرێک بە خۆیندنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێری کۆتایی پێهات.