کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کومیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کرد

19:02 - 25 خەزەڵوەر 2716

رۆژی دووشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، "ناسر قادرپور"، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کرد و، لایەن "یوروند ریتمان"، ئەندامی پارلەمان و ئەندامی کۆمیتەی دەرەوە و بەرگریی پارلەمان لەسەر لیستی پارتی پێشکەوتنخوازەوە، بە گەرمی پێشوازیی لێکرا. لەو دیدارەدا، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بێڕێزی و سووکایەتی بە چالاکوانانی مەدەنی و رۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان و ئێعدامی لاوانی کورد لە لایان کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی، خرانە بەر باس. هەروەها "قادرپوور"، باسێکی گشتیشی لەسەر جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ، داواشی کرد کە پارتی پێشکەوتنخواز کە لە حکوومەتدا بەشدارە و پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەکا،  لە نفووز و تواناکانی خۆی کەڵک وەربگرێ و گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێنی کە ئاوڕ لە کێشەی کورد بداتەوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و زەبروەنگ بە دژی گەڵی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕابگرێ. ئەم باسانە لە لایەن بەڕێز "ریتمان"ەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو چاوپێکەوتنە دەربڕی و ، هیوای خواست کە لە داهاتوودا ئەو چاوپێکەوتن و بیروڕاگۆڕینەوانە بەردەوامییان هەبێ.