کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی کومیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید

18:20 - 1 سەرماوەز 2716

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠١٦ی زایینی، بەرامبەر بە ٣٠ خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کومیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب کە لە هەموو ناوچەکان، لە باکوورەوە تا باشووری ئەو وڵاتە هاتبوون و نوێنەری کومسیۆنەکانی تەشكیلات و چاوەدێری ئەساسنامە، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو. سەرەتای کاری کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و هەروەها دوایین شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان و هاوڕێی کۆچکردوومان مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی دەستی بە کارەکانی کرد. پاشان هاورێ کەماڵ گڕوێسی وەک ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری، داوای لە سەرجەم هاورێیانی بەشداربوو کرد کە هەڵسووڕاوانە ئەرک وە ئەستۆ بگرن. دواتر هاوڕێی تێکۆشەر حەسەن ڕەستگار چەند وتەیەکی پێشكەش کرد. حەسەن رەستگار لە بەشێک لە وتەکانی دا گوتی: "حیزبی ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر شتی نوێ و سەردەمیانەی هێنایە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان.  هەر بۆیە لە ژێر ڕووناکایی ئەو باس و خواسە نوێیانەدا دەبێ مەیدانی خەباتمان بەربەرینتر و چالاکیمان زیاتر بکەین". لە بڕگەیەکی دیکە نەبەز عەلیدووست ڕاپۆرتی کار و تێکۆشانی دەورەی ڕابردووی ئۆرگانەکانی کومیتەی سویدی پێشکەشی کۆنفڕانس کرد و، دەرگای باس و راوێژ و ڕخنە و پێشنیار بە ڕووی هاوڕێیانی حیزبی بەکراوەی هێشتەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا هاوڕێی حەمەڕەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری حیزب باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی دەورەی پێشووی کاری کومیتە پێشکەش کرد. پاشان سەعید بەیگزادە ئەندامی ڕێبەری  و بەرپرسی کۆمسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، باسێکی کورتی لە سەر بارودۆخی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جێگە و پێگەی و کارتێکەری حیزبەکەمان لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و دەرهاویشتە سیاسییەکانی ئەو بارودۆخە هێنایە بەرباس. بەشی سێهەم و کۆتایی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بوو بۆ هەڵبژاردنی کومیتەیەکی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کار و چالاکییەکانی کومیتە. پاش زیاتر لە ٨ کاتژمێر کاری بەردەوام کۆنفڕانس بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.