کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان بەرپرسی پەیوەندییەکانی ح د ک لە وڵاتی ئوتریش و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە

19:25 - 2 سەرماوەز 2716

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی نوڤامبری ٢٠١٦ی زایینی، دوکتور عەلی مازووجی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ئوتریش،ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی نوێکردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوولا و باس لە سەر ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی کوردستان، ئێران و ناوچەی پڕ لە ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئوتریشی کرد و لە لایەن خاتوو دکتور " ئورلیکە تیلی و دکتور ئۆسکار وستینگەر، بەرپرس و کارناسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی ئەو وەزارەتخانەیەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. هەردووک نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز مازووجی، خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە دەربڕی، هاوکات پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کورد نیشاندا و ڕق و بێزاری خۆشیان لە هەمبەر ڕەفتاری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دژ بە گەلەکەمان هێنایە زمان. بەڕێز دوکتور عەلی مازووجی لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئاماژەی بە تێرۆری ڕێبەری مەزنی حیزبەکەمان دکتور عەبدلڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی کرد و داوای سەرلەنوێ وەگەڕ خستنەوەی پەروەندەی ئەو تێرۆرەی کرد. بەڕیزیان بە ئاماژە بە ماشینی تێرۆری ڕژیمی ئیسلامی ئێران و ئەو پاشخانە تێرۆریسییەی کە ئەو ڕژیمە هەیەتی وتی: ئەگەر باس لە تێرۆر و دژایەتی لەگەڵ تێرۆرە، ئەوا ڕژیمی ئیسلامی ئێران گەورەترین سیستەمی تێرۆریستی جیهانە، هەر بۆیە داواکارم کە تەنیا کورد لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ تێرۆریستاندا ناوی نەبرێ، بەڵکوو ولاتانی ئوروپایی دەبێ لە هەوڵی چەسپاندنی مافە ڕەواکانی کورددا بن و هەوڵ بدەن کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەولەتییەکاندا پشتگیری لە داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و بە دەست هێنانی سەربەخۆیی و بنیات نانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ ئەو نەتەوە زوڵم لێکراوە بکەن.