کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵان

19:23 - 8 سەرماوەز 2716

ناوەندی منداڵپارێزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵان ڕێوڕەسمێکی پێکهێنا. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەیانیی ڕۆژی شەممە، 6ی سەرماوەز بەبەشداریی سەدان کەس لە منداڵان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک چالاکی و بڕگەی هونەری پێشکێش کران. لە سەرەتای ئەو ڕێورەسمەدا کە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد، پەیامی ناوەندی منداڵپارێزی لەلایەن خاتوو "سۆنیا نوسرەتی"یەوە خوێندرایەوە. گۆرانیی " دنیای ئێمە"، " باران" و چەند تابڵۆیەکی هەڵپەڕکێی گڕووپی "ڕێژنە" چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. لەو رێوڕەسمەدا کە بە خوێندنەوەی کۆمەڵێک بڕگەی مافەکانی منداڵان لەلایەن "نیان بداغی" و "کارزان حەسەن‌پوور"، بەڕێوەبەرانی جێژنەکە درێژەی پێدەدرا، گۆرانییەک لەلایەن ئازیتا مۆئمێنی پێشکێش کرا و چەند چالاکییەکی دیکەی منداڵان وەک شێعرخوێندەوە و پێشبڕکێی ماست خواردن بەڕێوەچوون. لە بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی تۆڕی بەرگری لە مافەکانی منداڵ لەلایەن دوکتور ڕزگار فەقێ‌سەلیم خوێندرایەوە و لە بڕگەکانی کۆتاییدا خەڵات بەسەر منداڵانی بەشداردا دابەش کرا. هەروەها لەوحی ڕێزلێنانی ناوەندی منداڵپارێزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو کەسانە درا کە لە بەڕێوەبردنی ئەو جێژنەدا هاوکاریی ئەو ناوەندەیان کردبوو.