کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی "رێکخراوی یاری کورد" سەردانی بەشی هێزە کوردستانییەکانی کومیتەی نۆڕوێژی "حدک"ی کرد

20:27 - 15 سەرماوەز 2716

هەیئەتێکی رێکخراوی یاری کورد، سەردانی بەشی پێوەندیی هێزە کوردستانییەکانی کومیتەی نۆروێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لەو وڵاتە کرد و، دۆخی کورد بە گشتی و پێوەندیی هێزە کوردستانییەکان و ئەو دوو لایەنە خرانە بەر باس. ئێوارەی رۆژی شەممە ٣ی دیسامبری ٢٠١٦ی زایینی، هەیئەتێکی "ڕێکخراوی یاری کورد" لە نۆڕوێژ، پێکهاتوو لە بەڕیزان "عەلی فازلی" و "ئەڵماس محەممەدی"، سەردانی بەشی پێوەندیی هێزە کوردستانییەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانیان لە وڵاتی نۆروێژ کرد و، لە لایەن هاوڕێ "ئەسعەد خزری" بەرپرسی بەشی ‌هێزە کوردستانییەکان و، هاوڕێ "خوسرەو قادری" ئەندامی ئەو بەشە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارە دۆستانەدا، وێڕای تاوتوێکردنی باسێکی گشتی لەسەر دۆخی کورد و پێوەندیی ئێستای هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، لە لایەن هەر دوو لایەنەوە بە پێویست زانرا بۆ هاوفکری و هاوکاریی زیاتر، هەروەها کاری هاوبەش لە داهاتوودا، پێوەندیی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد پتەوتر بکرێ و ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە بەردەوامییان هەبێت.