کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی سویسی حدک لە کۆنگرەی پارتی سوسیالیستی سویس‌

20:41 - 15 سەرماوەز 2716

لە سەر بانگهێشتی فەرمی حیزبی سوسیالیستی سویس، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرستی هاوڕێ خوسرەو مستەفانژادو خاتوو پەروین شەکووری، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە و هەروەها ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەو حیزبە کە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢ و ٣ی دێسامبر بەردەوام بوو، بەشداریان کردو، لە لایەن بەڕێز" پێتر گۆگ" بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی پارتی سوسیالیستەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. هەیئەتی حیزبی پەیام و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان گەیاندە ڕێکخەرانی ئەو ڕێوڕەسمە و سپاسی پارتی سوسیالیستیان کرد کە بۆ ئەو ڕێورەسمە بانگهێشتیان کردوون. لە پەڕاوێژی ئەو ڕێوڕەسمەدا، هەیئەتی حیزبی توانیان چاویان بە نوێنەرایەتی چەندین پارت و کەسایەتی سیاسی و ناسراوی سویسی و میوان بکەوێ و، لە نزیکەوە لەگەڵیان بکەونە باس و راوێژ و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دژ بە ئازادی و مافی ڕەوای کوردیان لە ئێراندا بۆ شیکردنەوە. هەروەها هاوڕێیانی یەکیەتیی ژنان، لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی یەکیەتیی ژنانی سوسیالیست چاوپێکەوتنیان پێک‌هێنا و سەبارەت بە ڕەوشی نالەباریی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.