کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌رز ڕاگرتنی یادرۆژی ٢٦ی سه‌رماوه‌ز، له‌ شاری سنه‌

03:45 - 27 سەرماوەز 2716

له‌ شاری سنه‌ی خوێناوی و ده‌ورووبه‌ری ئه‌و شاره‌  به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و که‌م‌وێنه‌،  یاد وناوی رۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و رۆژی ئاڵای کوردستان،  به‌رز ڕاگیرا. به‌ پێێ هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ناوه‌ندی "کوردستان و کورد" تێکۆشه‌رانی به‌وره‌وباوه‌ڕی حیزب له‌ شاری سنه‌،  له‌ چالاکییه‌کی ته‌بلیغی‌دا دارو دیواری چه‌ندین گه‌ڕه‌ک و، هه‌روه‌ها چه‌ندین شه‌قامی دیار وبه‌رچاوی ئه‌وشاره‌یان به‌ دروشم و تراکتی پێوه‌ندیدار به‌ ٢٦ی سه‌رماوه‌ز، ڕازانده‌وه‌. ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی به‌ئه‌مه‌گ و چاونه‌ترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ شاری سنه‌، له‌ هه‌ڵمه‌تێکی بوێرانه‌ وکوردانه‌، به‌ نووسینی دروشم و بڵاکردنه‌وه‌ی تراکتی شۆڕشگێرانه‌، خۆیان به‌ درێژه‌ده‌ری رێگای شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی کوردستان زانی و،  پشتیوانی خۆیانیان له‌ گه‌ڵ رێباز و ئامانجی پێشمه‌رگانه‌ ده‌ربڕی. ئه‌وشوێنانه‌ی له‌ شاری سنه‌ که‌ چالاکیی ته‌بلیغی ‏تێدا کراون بریتین له‌؛ شه‌ریف‌ئاوای ژوورو، شه‌ریف‌‌ئاوای خوارو، شاره‌کی زاگرۆس، غه‌فوور، شاره‌کی سه‌عدی، ته‌کیه‌و چه‌مه‌ن، شاره‌کی نوور، حاجیاوای ژوورو،حاجیاوای خوار، حه‌سه‌ن‌ئاوا . له‌ گه‌ڵ گونده‌کانی؛ گه‌زنه‌، گه‌نمان،  که‌ڕه‌سی، گه‌ڕۆنه‌ و  کانی مشکان. کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان،  وێڕای ده‌ستخۆشی کردن له‌ سه‌رجه‌م دۆستان و هۆگرانی پێشمه‌رگه‌ و تێکۆشه‌رانی راسته‌قینه‌ی حیزب له‌ شاری سنه‌ وده‌ورووبه‌ری ئه‌وشاره‌، رێز له‌ چالاکیی نواندی ئه‌وان ده‌گرێ و، سپاسیان ده‌کا.