کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزب لەگەڵ بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان

15:12 - 28 سەرماوەز 2716

رۆژی پێنجشەممە ١٥ی دێسامبر هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی  ئاڵمان پێکهاتوو لە هاوڕێیان خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەری و سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان، لە بینای وەزارەتی دەروەی ئاڵمان لە بێرلین، لەگەڵ بەرپرسی کاروباری ئیران ، ئاغای زیگفرید و خانمی تۆماس یاریدەدەری نابراو لە وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەدا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەیئەتی حیزب سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران، دۆخی مافی مرۆڤ و پرسی هەڵاواردنی ئیتنیکی و ئایینی، بۆ هەیئەتی خانەخوێ دوان.  لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی سیاسی و پرسی مافی مرۆڤ بە ئاماژەکردن بە مەسەلەی بەرجام ( ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامی ) هەیئەتی حیزب پێی لەسەر ئەوە داگرت کە کۆماری ئیسلامی پاش ئەو ڕێککەوتننامەیە لە لایەک لەنێوخۆی ئێراندا زیاتر لە پێشوو مافی مرۆڤ پێشێل دەکات لەلایەکی دیکەوە لە ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا زیاتر و ئاشکراتر لەپێشوو پەرەبە نفوزی خۆیدەدا. هەیئەتی حیزبی پاشان بەدرێژە باسی هەڵاواردنی سیاسی و ئاینی دەرحەق بە کەمایەتییە نەتەویی و ئاینییەکان کرد و و قامکی لەسەرستەمی چەند قات لەسەر گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بە تایبەتی دانا، کە لەژێر ستەمی چەندقاتی ئابوری، سیاسی و ئاینی کۆماری ئیسلامیدا بەتوندی دەچەوسێنەوە. هەیئەتی کۆمیتەی ئاڵمان وێرای ئەوەی رایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازی لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ٥ کۆ یەک دەکات، بەڵام پێی وایە کە ئەو ڕێکەوتننامەیە نابێ ببێتە هۆی ئەوەیکە مەیدانی زیاتر بۆ زیادەخوازی کۆماری ئیسلامی هەم لە نێوخۆ وهەم لە ئاستی دەرەوە پێک‌بهێنێ. پاشان  لە درێژەی باسەکانی ئەو دیدارە بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەروەی ئاڵمان سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە وڵاتە، رایانگەیاند کە ئەوان بارودۆخی مافی مرۆڤیان لە ئێراندا بە وردی لەژێر چاوەدێریدایە، و بەش بەحاڵی خۆیان پێشیلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران مەحکووم دەکەن و ئامادەگیان تێدایە کە لەو بارەوە بۆچوونەکانیان لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بهێننە گۆڕێ .