کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز لە شاری لینشۆپینگ ــ سوئێد

18:03 - 29 سەرماوەز 2716

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ ـ ١٢ ـ ٢٠١٦، کۆمیتەی لینشۆپینگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداری ئەندامانی حیزب و بەشێک لە کوردانی دڵسۆزی شاری لینشۆپینگ و نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی جێژنێکی چەندین کاتژمێریان بەرێوەبرد. رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی نێو سەنگەر و بەرەکانی شەڕ، دەستی پێکرد. پاشان کەماڵ حەسەنپوور وێرای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە ئاوڕێکی لە ژیان و خەباتی پێشمەرگە دایەوە و گووتی: کۆماری کوردستان سەرچاوە و دەستپێکی گەلێک شتی باش بوو کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کورد ئێستاش واتە پتر لە ٧٠ ساڵ دوای رووخانی و هەتاهەتایە بۆ ئیلهام لێوەرگرتن دەبن. دوو لەو سەمبولانە کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆمار پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانن. دوای پتر لە ٧٠ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر ناودێرکردنی هێزی چەکداری کۆمار وەک پێشمەرگە، ئێستا کاتێک ئەو وشەیە دەبیستین هەست بە شانازی دەکەین، ئەوەی کە جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە ئێستا وشەی پێشمەرگە بۆتە وشەیەکی نێونەتەوەیی و لە هەر جێیەکی ئەوە جیهانە بۆ ناساندنی کورد تەنیا پێویستە ناوی پێشمەرگە بێنی کە وەک پێناسەیەک کوردی بە جیهان ناساندوە". دوای قسەکانی کەماڵ حەسەنپوور لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەوە سوپاسی بەشداری هێز و لایەنە سیاسی‌یەکانی کوردستانیان کرد کە بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشت کرابوون. حیزبی شیوعی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان،  پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی کوردان لە لینشۆپینگ لەو هێز و لایەنانە بوون کە بەشداریی بۆنەکە بوون. دواتر بەرنامەی هونەری لە لایەن دوو هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش شۆڕش بۆکانی و فەرهاد ئالانی و  ژەنیاران کاروان حەکیم‌زادە و حامید تا، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.