کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمیناری هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

17:43 - 30 سەرماوەز 2716

پاشنیوەڕۆی رۆژی دوو شەمە ٢٠/١٢/٢٠١٦ بەبۆۆنەی رۆژی نیشتمانی ئاڵا و بۆ رێزگرتن لە قارەمانەتی پێشمەرگە سیمینارێکی هاوبەش لەلایەن یەکیەتییەکانی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵات و باشوور لە ژێر ناوی "ئاڵا و پێشمەرگە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون" بۆ بەڕێزان عومەرباڵەکی و ئومید خۆشناو رێکخرا. سیمینارەکە سەرەتا بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، لەو سیمینارەدا کە پێک هاتبوو لە دوو پانێل سەرەتا عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات باسێکی سەبارەت بە مێژووی ئاڵا و رەهەندە یاسایەکانی تایبەت بە ئالا پێشکەش کرد، بەڕێزیان سەرەتا بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بەرەسمی ناسینی لە لایەن حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان ، باسی لە گرنگی وەحدەتی نەتەوەیی لە ژێر سێبەری ئەم سیمبۆلە و باقی سیمبولە نەتەوەییەکانی دیکە کرد. پاشان لەباری یاساییەوە باسی تەعامول لەگەڵ ئالای کوردستان لە رەسمیات و دامودەزگا حکومییەکانی کرد لە پانێلی دووهەمدا بەڕیز ئومید خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پاڕلەمانی کوردستان وێڕای ئاماژە بە مێژووی هاوبەشێ کوردی باشوور و رۆژهەڵات و چەسپانی کۆمەڵێک هێما و رەمز لە سەردەمی کۆماری کوردستان بەدەستی پێشەوا قازی و بەردەوامیدان بەو سیمبولانە لەلایەن ژێنێڕال بارزانی، باسی لە گرنگی بەهێز کردنی هەستی نەتەوەیی و پەروەردەی نەوەی نوێ لەسەربنەمای فکری کۆماری کوردستان کرد. لەبەشێکی دیکەی باسەکەیدا بەڕێز ئومید خۆشناو سەبارەت بە دیزاینی ئاڵای کوردستان و مێژوی پەسەند کرانی لەلایەن پاڕلەمانی کوردستانەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. لە کۆتایی‌دا بەشداربووان ، ڕا و سەرنجی خۆیانیان  خستەڕوو ، کە لەلایەن کۆڕگێڕان وەڵامدرانەوە.