کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەمیی دەربڕینی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان

18:43 - 2 بەفرانبار 2716

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دڵتەزێنی تەقینەوە لە بەر دەم یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دیموکرات و شەهید و برینداربوونی پۆلێک پێشمەرگە و کادری ئەو حیزبە، شەپۆلێکی هاوخەمی دەربڕین و مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییە لە لایەن خەڵک و لە شارە جیاجیاکان وەرێکەوت. بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گۆڕینی وێنەی پرۆفایلی خۆیان و گرووپەکانیان، ماتەمینیان ڕاگەیاند و هەروەها چەندین رۆژنامەوان و قەڵەمبەدەست بە ڕاشکاوانە و بوێرانە ئەو کردەوەیان ئیدانە کرد و خۆیان بە پاڵپشتی تێکۆشەرانی دێموکرات زانی. لە یەکەم چرکەی ئەو ڕووداوە تێرۆریستییەدا چەند ماڵپەڕێک لە نێوخۆی وڵات، وەکوو هەواڵدەریی موکریان و ناوەندی دیموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان بە ڕووماڵکردنی کارەساتی شەوی یەلدا، لەو بارەوە زانیارییان بڵاو کردەوە. بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە نێوخۆی وڵات و هەروەها کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدک، هۆگران و خەمخۆرانی حیزب لە گەڕەکی دەوڵەت‌ئاوای کرماشان بە نووسینی دروشم و نووسراوە لە سەر دیوارەکان، شەهید کردنی پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە شەوی یەلدا مەحکووم کردو، پاڵپشتییان لە خەباتکارانی دێموکرات کرد. هەروەها لە چالاکییەکی تەبلیغیی دیکەدا، دڵسۆزان و دۆستانی حیزب نیشتەجێ لە شاری تاران و دەورووبەری تاران بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسراوە لە بلواری خومەینی محەممەدشار، خانەی جەوانان، شارۆچکەی فیردەوس و رێگای شەهریار بۆ تاران، تێرۆری ناجوامیرانەی چەند پێشمەرگەی حیزبیان لە شەوی یەلدا مەحکووم کرد و رق و نفرەتی خۆیانیان لەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی. هاوکات لە گەڵ شەپۆلی هاوخەمی دەربڕینی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە یەلدا خوێناویییەکەی دیموکرات، لاوان و دۆستانی خوێن گەرمی حیزب لە ناوچەی چەرداوڵی ئێلامیش لە چالاکییەکی بەر فراوان‌دا ، ئەو کردەوەیان بە توندی مەحکووم کرد و، لە گەڵ شەهیدانی گەل ونیشتمان پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە. لە چالاکییەکی دیکەدا خەڵکی بە ئەمەگی ناوچەی سەهۆڵانی مەهاباد وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی شەهیدانی شەوی یەلدا لەو پێوەندییە‌دا چالاکیی تەبلیغییان نواند. کۆمیسیونی ڕاگەیاندن و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس وپێزانین لە سەرجەم خەڵکی بە وەفای کوردستان و چالاکان و هەڵسووڕاوانی کوردپەرەوەی نێوخۆی ولات، هاوخەمیی دەربرینی ئەوان ، بە سوکنایی‌بەخش دەزانێ و بەم بۆنەوە سپاسیان دەکات و، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.