کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەلدای خوێناویی دێموکرات، حیزبەکانی چوارپارچەی کوردستانی لەدەوری یەک کۆکردەوە

21:14 - 5 بەفرانبار 2716

چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەی شەوی یەلدا لە بنکەیەکی سەر بە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە شەهیدبوونی ٧ تێکۆشەری کوردی لێکەوتەوە، کۆبوونەوەی بەرینی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو. ئەو کۆبوونەوەیە، کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی بەفرانبار بە میوانداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بە ئامانجی هاودەنگی و یەکگرتوویی لە مەحکومکردنی تاوانی تێرۆریستی‌دا گیرا، شاندی زۆربەی هەرە زۆری حیزبە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان بەشدار بوون. ئەو کۆبوونەوەیە بە قسەکانی کاک حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەستی پێکرد. بەڕێزیان لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە چۆنیەتیی تێرۆرە خوێناوییەکەی شەوی یەلدا و، کاردانەوەی لە میدیاکان و شەپۆلی بەرینی هاوخەمییەکان لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، مەبەست لە کۆبوونەوەکەی بۆ بەشداران شی کردەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان قسەکانی بەوە دەست پێکرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا سیاسەت و ئامانجی ئەوە بووە کە بە شێوازی ئاشتیخوازانە، مەدەنی و رێکاری سیاسی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدیبێنێ. کاک خالید عەزیزی لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، بە تایبەت دەور و نەخشی دوکتور قاسملوو لەو پێوەندییەدا کرد و، گوتی : ئەگەر ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەڵامی پەیامی ئاشتی و چارەسەری سیاسیی دۆزی کورد لە ئێرانیان بدابایەوە، نە ئەو شەڕە هەڵدەگیرسا، نە ئەو هەمووە زیانە گیانییە بەر دوولایەن دەکەوت؛ بەڵام ئەوان سیاسەتی ناکارامەی زەبر و زەنگیان هەڵبژارد و شەهید دوکتور قاسملوویان لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد، بەوەش نەوەستان و دەیان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتیان لە باشووری کوردستان تێرۆر کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کۆبوونەوی پێش تەقینەوەکەش هەر بۆ ڕێزگرتن لە پەیامی ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوو و بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی بەڕێزیان بوو. کاک خالید عەزیزی لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی ناکارامەی تێرۆر و گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی وەستاندنی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەکی تێرۆر بەکار دێنێ، دەبێ باش بزانێ کە تێرۆر کۆڵمان پێ نادا و نامان‌وەستێنی. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە پرسی نەتەوەیەک کە داوای مافەکانی خۆی دەکا، ئەو پرسە بە تێرۆر نە چارسەر دەکرێ و نە لەبار دەبرێ. کاک خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا گوتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان بۆ ئەوەیە یەکدەنگ بین لە مەحکومکردنی تێرۆر و هەموومان هەست بە بەرپرسایەتی بکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان و ئەوە پەیامە بدەین بە دراوسێکانمان کە هەرێمی کوردستان بە دەرفەت دابنێن نەک هەڕەشە. لە بڕگەیی سەرەکیی کۆبوونەوەکەشدا نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی بەشدار وێرای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان و مەحکومکردنی پەلامارە تیڕۆریستییەکی شەوی یەلدا بۆ سەر حیزبی دێموکڕاتی کوردستان؛ ڕاو بۆچوون و پێشنیاری خۆیان هێنایە بەر باس، ئەو حیزبانە وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی ماڵی کورد و هاوپێوەندیی نیشتمانی داوایان لە ناوەندە بەرپرسیارە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەو ڕووداوە بکۆڵنەوە و لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاکامەکەی لە پێناو پاراستنی ئەمنیەتی هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان تێبکۆشن. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەسەر پەیامی هاوبەشی کۆبوونەوەکە قسەی کرد و، دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنج و پێشنیاری نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوکە بە تێکڕای دەنگی بەشداران پەسند کرا. دوابڕگەی ئەو کۆبوونەوەیە پرێس کۆنفڕانسێک بە بەشداریی میدیاکان بوو کە لەو بڕگەیەشدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەڵامی پرسیاری میدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی دایەوە. :ئەو حیزبانەی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەبوون بریتی بوون لە: پارتی دێموکراتی کوردستان ،پەیەدە ،کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان، بزوتنەوەی دێموکراتیکی گەلی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، ئەنەکەسە (کە پێکهاتوو لە ١٣ حیزب و رێکخراوی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستانە)، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی رزگاریی دێموکراتی کوردستان، پارتی کرێکاران و رەنجەدەرانی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان؛ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی نیشتمانیی کورد لە سووریە، یەکیەتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی پێشکەوتخوازی کوردی سووریە.