کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک دژ بە کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا - بریتانیا

22:09 - 5 بەفرانبار 2716

بەمەبەستی ڕیسوا کردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی ١ی بەفرانبار کە کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە نزیک بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبەکەمان کرد کردە ئامانج و بووە هۆی شەهید بوونی ٥ پێشمەرگە و ٢ کەس لە ئەندامانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینی، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا خۆپیشاندان و ئاکسیۆنێکی بەر بەرینیان ڕێکخست. لەو خۆپیشاندانەدا نوێنەری بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا و دەیان کەس لە کوردانی خاوەن هەڵوێستی نێشتەجێی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدار بوون. ئەو خۆپیشاندان کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی لەندەن، لە بەردەم بالوێزخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری لەندەن، بە سروودی ئەی رەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سووورخەڵاتی گەلەکەمان، بە تایبەتی ٧ شەهیدی تەقینەوەکانی شەوی ١ی بەفرانبار دەستی پێکرد. پاشان کەیوان شێرزاد ئەندامی کومیتەی گشتی حیزب لە بریتانیا لە وتەیەک‌دا ڕیزی بەرنامەکان و مەبەستی خۆپیشاندانەکەی بۆ ئامادە بووان باس کرد. پاشان دەیان درووشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی ئینگلیسی، کوردی و فارسی دژ بە ڕژیمی تێرۆریستی پەروەری ئیسلامی ئێران بە دەنگی بەرز گوترانەوە و چەندین سروودی شۆڕشگێرانەش بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە، لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە خوێندران. بە دوای ئەوانە دا هاوڕێ یونس موکری، ئەندامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا بڕیارنامەی خۆپیشاندەران کە لە پێنج خاڵ پێکهاتبوو بۆ بەشداران خوێندەوە. جێگەی ئاماژەیە کە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی وبیانی ڕێپۆرتاژیان لەو خۆپیشاندانە ئامادە کرد. جێگەی ئاماژەیە کە سەدان لاپەڕە لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە وەرگێڕدرابووەوە سەر زمانی ئینگلیزی بە سەر ڕێبوارانی ئەو شەقامە دا بڵاو کرایەوە و هاوکات دەقی هەمان بەیاننامە بە زمانی کوردیش بە سەر خۆپیشاندەراندا بڵاو کرایەوە.