کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی یەڵدا و مەحکوومکردنی کردەوەی تێرۆریستی- ئەمریکا

19:01 - 6 بەفرانبار 2716

ڕۆژی ۲٤ دیسامبری ساڵی ۲٠۱٦، لە ساڵۆنی سەنتەری شەنتیلی لە دەڤەری واشینگتۆن کۆڕێکی پرسە و ماتەمین بۆ بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی شەهیدانی یەڵدای حیزبەکەمان لە لایەن کومیتەی حیزب لە واشینگتۆن پێکهات. ئەو کۆڕە بە بەشداری بەرچاوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە بریتی بوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەندین کەسایەتی ناسراو بەڕێوەچوو. سەرەتای کۆڕەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدای خوێناوی و گشت شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن جەماڵ مەحموودزادە خوێندرایەوە. دوای ئەوە کامڕان باڵنوور نوێنەری حدک لە ئامریکا، بابەتێکی لە سەر دیاردەی تیرۆریزم و دەوری کۆماری ئیسلامی وەک نوێنەری تیرۆریزمی دەوڵەتی و کردەوەکانی دەرحەق بە بزووتنەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان پێشکەش کرد. کامڕان باڵنوور باسی پێویستیی بەرەیەکی یەکگرتووی بۆ هێزەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان کرد و بەیەک بەستنەوەی خەباتی شار و شاخی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچی زیاتر بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. پاشان برووسکەی پارتی دێموکراتی کوردستان، پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان کومیتەی ئامریکا و پارتی فێمێنیستی کوردستان خوێندرانەوە.  هەروەها وتاری کومیتەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە لایەن بەڕێز عەبدوڕەحمان حەسەن بەرپرسی کومیتە خوێندرایەوە. بەرێزیان باسی پیلانی دوژمنانی گەلی کوردی کرد کە چۆن هاوکاری یەک دەکەن بۆ دژایەتی بزووتنەوەی بە حەقی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. پاشان سەلاح بایزیدی نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران لە ئامریکا پەیامی کومیتەی کۆمەڵە لە ئامریکای پێشکەش کرد. ناوبراو کۆماری ئیسلامی بە ئەنجام‌دانی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا تاوانبار کرد و باسی تێرۆریزمی ئەو ڕژیمەی کرد کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و بۆتە هۆکاری سەرەکی ئاژاوە و کوشت و کوشتار. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا، ناسر باباخانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس بابەتێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێی‌دا ئاماژەی بە مێژووی لەمێژینەی پەیوەندییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات کرد و هیوای ئەوەی خواست کە بەرپرسانی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارەساتە. لە بەشی دووەمی بەرنامەدا، سەلاح پیرۆتی هاوسەنگەری شەهید عەلی قۆیتاسی باسی چۆنیەتی ئاشنا بوونی خۆی و شەهید عەلی قۆیتاسی کرد کە چۆن بە ئازایەتی و لە خۆبردوویی، پلەکانی تەشکیلاتی یەک بە دوای یەک بڕیون. بڕگەیەکی دیکە ئەو کۆبوونەوە بە خوێندنەوەی شێعرێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن پەیمان ڕەحیمی درێژەی کێشا. دوایین وتار لە لایەن دڵنیا دادکووش لەسەر یەکگرتنی هێزە کوردییەکان پێشکەش کرا. خاتوو دڵنیا باسی پرش‌وبڵاویی هێزە کوردییەکانی کرد کە چۆن دوژمنی دژی گەلی ئەو هەلەی قۆستۆتەوە و دەستی کردووە بە لەبەین‌بردنمان.  دوایین بڕگەی بەرنامەکە شێعری دایە گیانی مامۆستا شەریف بوو کە لە لایەن جەعفەر فەقێ‌نەبی،  خوێندرایەوە. شایانی باسە کە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە واشینگتۆن  لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد.