کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی دژ بە کردەوەی تیڕۆریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات لە شاری هەولێر

19:32 - 6 بەفرانبار 2716

بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارکی "شانەدەر" کۆبوونەوەیەک بۆ شەرمەزارکردن و مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. کاتژمێر ٣ی رۆژی شەممە، ٥ی بەفرانباری بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک لە چالاکان و رێکخراوە مەدەنیییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە چالاکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان  بە مەبەستی ریسواکردن و مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە تێیدا ٥ کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە و دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوون، لە پاڕکی شانەدەری هەولێر کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، تێکڕای چالاکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە لەباری ماددی و مەعنەوییەوە پاڵپشتی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ و چی دیکە ئیزن نەدرێ کە کۆماری ئیسلامیی ئیران، کورد کۆمەڵکوژ و سەرکوت بکات. هەروەها لە درێژەی ئەو خۆپێشاندانەدا چەندین کەسایەتی سیاسی و ناسراو هەر چەشنە دەسپێکردنی تێرۆر و کوشتنی ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبە رۆژهەڵاتییەکانیان مەحکوومکرد و لەو پێوەندییەدا عەلی مەحموود چالاکیی سیاسی و مەدەنی خەڵکی باشووری کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ ئێمە وەکوو خەڵکی باشوور بەرانبەر بە خەڵکی رۆژهەڵات و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی بەرپرسیارین و نابێ ئیزن بدرێ کە کۆماری ئیسلامی دیسانەکە بە ئاسانی تێرۆریان بکا و، هەر کردەویەکی تێرۆریستی لە خاکی باشوور مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان. لە برگەیەکی دیکەی ئەو خۆپێشاندانەدا هەر کام لە ڕێکخراوانی بەشداربوو پەیامی هاوسۆزیی لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیانی شەوی یەلدای خوێناویی دێموکراتیان پێشکەش کرد و بە توندی ئەو هێرشە تێرۆریستییەیان مەحکوومکر ، هەروەها یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی هەرە زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات نیشتەجێ لە هەولێر لەو کۆبوونەوە‌دا بەشدارییان کرد.