کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی کۆڕیادێک بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناوی دێموکڕات لە وڵاتی دانمارک

19:15 - 9 بەفرانبار 2716

کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی شەوی یەلدای خوێناوی دێموکڕات، کۆڕیادێکی بە بەشداری ئەندامان و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان و کۆمەڵە کولتوریەکان و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی دانمارک پێک هێنا. سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، لە لایەن  هاوڕێ خالید ڕەواندۆست بەرپرسی کۆمیتەوە خویندرایەوە. لە پەیامەکەدا هاتبوو هەوڵی دوژمنانی میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو بۆ زەربە لێدان و شەهید کردنی ڕۆڵە ئازا و قارەمانەکانی کورد بووە کە تەنیا مەبەستیان پێشگرتن لە سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بووە. بەڕێز ڕەواندووست هەروەها تیشکی خستە سەر ورەی بەرزی میللەتی کورد لە خەبات و تێکۆشاندا و بە ئاماژە بەوەی کە تیڕۆر، ئیعدام، زیندان و ئەشکەنجەی ڕۆڵەکان و ڕێبەرانی نەیتوانیوە و ناشتوانێ شوێن لەسەر ورەی بەرزی تێکۆشەرانی ڕێگای رزگاری نەتەوەی کورد دابنێ. پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن سیروان ئەقدەم ئەندامی یەکیەتیی لاوان  خوێندرایەوە. لە درێژە ی کۆڕیادەکەدا شاعیری نیشتمانپەروەر، خاڵە حەمە، پارچە هۆنراوەیەکی لە سەر کارەساتەکە خوێندەوە. پاشان چەند پارچە شێعر و پەخشان لە لایەن بەڕێزان هیوا زەبیحی، برایم ڕەسووڵزاد، پژمان ڕەسووڵزادە و ئەحمەد ڕەحمانی بەڕێوەبەری کۆڕیادەکە خوێندرایەوە. جێگەی باسە کە ئەم حیزب و ڕێکخڕاوانە پەیامی پڕسە و پشتگیری خۆیان خوێندەوە. ۱ـ پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ۲ـ پەیامی پارتی دێموکڕاتی کوردستان ۳ـ پەیامی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی لە دانمارک ٤ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ٥ـ پەیامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک ٦ـ پارتی ئازادی کوردستان باکوور ـ پاک ۷- پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٨ـ پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریە ۹ ـ پەیامی پارتی مافی ئازادی ـ هاکپار ۱۰ـ پارتی سوسیالیستی کوردستان ۱۱ـ بروسکەی هاوخەمیی پارتی کرێکارانی کوردستان "پ ک ک" ١٢ ـ پەیەدە ١٣ـ حیزبی شیوعی کۆڕیادەکە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ کۆتایی پێهات.