کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆڕیادی شەهیدانی شەوی یەلدا لە وڵاتی ئوستڕالیا

19:25 - 9 بەفرانبار 2716

بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی دەستی تیرۆر و لەقاودانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک بەڕێوەبەری تیرۆری شەوی یەلدا، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی شاری ئادلایدی ئەم وڵاتە کۆڕیادێک بەڕێوەچوو. سەرەتا هاوڕێ هەیاس کاردۆ بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوستڕالیا وردەکارییەکانی چۆنیەتیی تیرۆرەکە، ڕادەی خەسارەتی گیانی و ناونیشانی شەهیدەکانی بۆ بەشداران باس کرد. بەڕێز بەرپرسی کۆمیتە دواتر هاتە سەر هەوڵی و هەنگاوەکانی کۆمیتەی ئەمنییەتی حیزب و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە و دواتریش دەنگدانەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لەنێو بیروڕای گشتی و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان و میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوە بۆ بەشدارانی کۆڕیادەکە باس کرد. هاوڕێ هەیاس هەروەها باسی کۆبوونەوەی ٣٠ حیزب و ڕێکخراوی کوردستانیی کرد کە لەسەر داوای ڕێبەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان ساز کرا و بە کارێکی بەجێی زانی و وەک بناخەی کاری هاوبەش ناساندی. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئەم کەس و لایەنانە قسەیان کرد: - کاک چەکۆ باران بە پێشکەش کردنی چەند کورتە شێعر و پەخشان یادی ئەو شەهیدانەی ڕێز گرت. - کاک تاریق پەیامی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ئادلایدی پێشکەش کرد. - کاک محەممەد پشدەری پەیامی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانی خوێندەوە. - کاک یۆسف بێماڵ پەیامی کەنەکەی پێشکەش کرد. - کاک قادر ڕەحیمی پەیامی کۆمەڵەی کورد لە ئوستڕالیای باشووری پیشکەش کرد، و دواتریش پارچە شیعرێکی خوێندەوە. کاک سەلاح پوورئەسەد باسێکی لەسەر تیرۆر و تیرۆریزم پێشکەش کرد. پێویستە بگوترێ کاک عەلی شەخسی کە کۆڕەکەی بەڕێوە دەبرد بەردەوام کوردەکانی بۆ هاوپێوەندی و هاوخەباتی هان دەدا و ڕێزی لە خەباتی حیزبە سیاسییەکان و یەک لەوان حیزبی دێمۆکڕات دەگرت کە ئاڵای خەباتی نەتەوەیی هەروا بەرز ڕاگرتوە. کۆڕیادی ڕێزگرتن لەشەهیدانی شەوی یەلدا پاش ٣ کاتژمێر لەنێو فەزای هاوپێوەندیی هەموو کوردانی چوارپارچەی کوردستان کۆتایی هات.