کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری تڕۆندهایمی نۆڕوێژ، کۆڕیادی شەهیدانی یەڵدای خوێناوی بەڕێوەچوو

19:33 - 9 بەفرانبار 2716

کومیتە ناوچەی "ترۆندلاگ"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشداری بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە شاری "تڕۆندهایم"، کۆڕیادێکی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و هاوکات مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە پێک‌هێنا. کۆڕەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" دەستی پێکرد و هاوڕێ "رامین شێنانی" پێشکەشکاری کۆڕیادەکە، چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاریی کوردستانی راگەیاند. پاشان راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پەیوەندییەدا، لە لایان هاوڕێ "جەماڵ ئیبراهیمی" بەرپرسی کومیتە ناوچەی "ترۆندلاگ"ی حیزبەوە خوێندرایەوە. ئەوجار کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدانی یەڵدای خوێناوی "عەلی قۆیاسی، وەهاب میرخزری، سالار باقری، ئەرسەلان عەباس نیا و ناسر کەریمی" کە بە شێوەی ویدئۆ لە لایەن بەشی راگەیاندنی کومیتەی نۆڕوێژەوە ئامادە کرابوو، لە رێگای پڕژۆکتۆرەوە پێشان درا. دواتر بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدانی یەڵدا، هاورێ "دڵکەش شێنانی" پەیامێکی خوێندەوە و سوپاسی ئامادەبووانی ئەو کۆڕیادەی کرد . ئەوجار پارچە شێعرێک بە ناوی "یەڵدا" کە لە لایەن هاوڕێ "هەمزە ئاگوشی"ەوە بەم بۆنەوە نووسرابوو، خوێندرایەوە. بەدوای ئەو پارچە شیعرەدا، پەیامی حیزب و لایەنەکانی بەشداری ئەم کۆڕیادە خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، کەجەکە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان. دوابڕگەی ئەو کۆڕیادە، سروودی "ئەی شەهیدان" بوو کە لە لایەن بەشی هونەریی یەکێتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە تڕۆندهایم ئامادە کرابوو و پێشکەش کرا.