کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژ بە کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی لەبەردەم قەڵای دێموکرات، لە نۆڕوێژ خۆپێشاندانێک بەڕێوەچوو

05:07 - 10 بەفرانبار 2716

بەمەبەستی شەرمەزار و مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی یەڵدا لە بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بوو بەهۆی شەهیدبوونی پێنج کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و برینداربوونی چەند کەسی دیکە، لە وڵاتی نۆڕوێژ خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بەڕیوە چوو. کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەتان لەبەردەم پەرلەمانی نۆڕوێژ کۆبوونەوە و بە گوتنەوەی دروشمەکانی "نا بۆ تیرۆر"، "بژی پێشمەرگە"، " مەرگ ونەمان، بۆ کۆماری ئیسلامی" و چەندین دروشمی‌ دیکە، بەشێوەیەکی رێکوپێک‌و بەپێی بەرنامە بەرەو وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ دەستیان بە رێپێوان کرد. خۆپێشاندەران کە هەڵگری ئاڵای  کوردستان‌و یوبیلی حیزب‌‌و ژنان‌و لاوان بوون، توانیان سەرنجی خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتیانی نۆروێژ بۆ لای خۆیان رابکێشن و بە جۆرێک کە وێنەو ویدیۆیان لە خۆپێشاندەران هەڵدەگرتەوە. دەگەڵ گەیشتنی ئاپۆڕای خۆپێشاندەران بۆ بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر دەستی پێکرد. سەرەتا گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، سروودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب"یان پێشکەش کردو دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی راگەیەندرا. دواتر لە لایەن بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکەوە بە زمانی کوردی‌و نۆروێژی سپاسی بەشداریی بەرچاوی خۆپێشاندەران کرا. ئەوجار داواکاریی خۆپێشاندەران سەبارەت بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی‌ لە چەند خاڵدا بە زمانی کوردی‌ لە لایەن هاوڕێیان "سۆران شێرزاد" ئەندامی کومیتەی گشتیی حیزب لە نۆروێژ و "بەفرین رۆستەمی" بەرپرسی کومیتە ناوچەی "ئۆسلۆو ئاکرشووس" بە زمانی نۆروێژی خوێندرایەوە کە لە پێنج خاڵدا گەڵالە کرابوون و ناوەرۆکی ئەم پێنج خاڵە بریتی بوون لە ؛ تەبایی‌و یەکڕیزیی حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌ و هەر چوارپارچەی کوردستان ‌و داوایان لێکرابوو کە بۆ گەیشتن بە ئامانج‌و،  ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە راستای بەرەیەکی کوردستانیی‌ و کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا هەنگاو هەڵبگرن. هاوکات داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان‌، دادگای "لاهە"و رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرابوو، کە کار لەسەر کەیسی تیرۆرکرانی شەهید "د.قاسملوو" سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دەیان تێکۆشەری سیاسیی‌ترو نوێترین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی واتە تەقینەوەکانی بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی "حدک" بکەن کە ٥ پێشمەرگەی حیزب‌و دوو ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێیدا بوونە. دوابەدوای داواکاریی خۆپێشاندەران، لە لایەن هاوڕێ "ئیدریس ئابدە" هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی کومیتەی حیزب لە نۆروێژ، بە زمانی نۆروێژی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خوێندرایەوە کە لەو بەیاننامەدا یەکدەنگ و یەکگرتووانە کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردبوو و ئاماژەیان بە رابردووی تیرۆرو تاوانی کۆماری ئیسلامی دابوو کە لە ساڵانی رابردوودا دەیان تێکۆشەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تیرۆر کردووە و هاوکات هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان پیلانی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵ کردووەتەوە. هەر ئەو بەیاننامەیە لە لایەن بەڕیز "ناسر قادرپوور" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بە هاوڕێیەتی بەڕیزان "شوانە ئوستادی‌"و "بەفرین رۆستەمی" هاوکارانی بەشی پێوەندییەکان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرا. هەر لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پەیامێکی کورت‌و پڕ ناوەڕۆکیان لەسەر تاوانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی روو بە رێکخراوەکانی لاوان لە جیهان‌ ئاڕاستە کرد کە لایەن "ئاژوان مامەش" بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا. وتارێک کە لەسەر تیرۆر و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزب هاوڕێ "کەریم ئەڵڵاوەیسی‌"یەوە ئامادە کرابوو و باسی لە تیرۆر و تاوانەکانی ئەو رژێمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکار و دەستێوەردانەکانە لە کاروباری ناوچەکەو بردنە پێشی پڕۆژە زێدەخوازییەکانی رێژیم بە میتۆدی نامرۆڤانەو تیرۆریستییانە کرابوو. لە لایەن ناوبراوەوە پێشکەش کرا. دوابەدوای ئەم وتارە، سروودی ئەی "شەهیدان" بە دەنگی هونەرمەند هاوڕێ "بێهروز لوتفی" بەهاوکاری گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان گوترایەوە. لە کۆتاییدا، هاوڕێ "سەردار مەرەسەنە" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە نۆڕوێژ، بە نوێنەرایەتی کومیتەی وڵاتەوە سوپاسی سەرجەم حیزب‌و لایەنە سیاسییە بەشداربووەکان‌و ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب‌و سەرجەم تێکۆشەرانی کوردی کرد کە بە هەستی بەرپرسایەتییەوە بەشداری ئەو خۆپێشاندانە بوون.