کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆڕیاد و پرسەی شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناوییلە ڤانکۆڤێری کانادا

18:42 - 11 بەفرانبار 2716

دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠١٦/١٢/٢۸ ی زایینی بەرانبەر بە ۹ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویی، کۆڕیادێک بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی شەوی یەڵدای خوێناویی قەڵای دێموکرات، لە شاری ڤانکۆڤێری ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو. لەم کۆڕیادەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی نیشتەجێی ڤانکۆڤێر و دەورووبەری ئەو شارە و هەروەها نوێنەرانی چەند حیزب و رێکخراوی کوردستانی بەشداریان تێدا کرد. سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، بە تایبەتی شەهیدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای بەردەم قەڵای دێموکرات لە کۆیە دەستیپێکرد. پاشان بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە مەڕ پیلانە تێرۆریستییەکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلایمی ئێران لە لایەن ئەنوەر کەریمی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ڕۆژئاوای کانادا خوێندرایەوە. دواتر سۆران پاڵانی جێگری کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە کانادا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، بابەتێکی لە سەر مێژووی پیلان و هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ زەربە وەشاندن لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد. پاشان کاوە سوور چالاکی سیاسیی کورد لە ڤانکۆڤێر، وێڕای پێشکەش کردنی بابەتێک لە سەر پیلانی دوژمنانی کورد بۆ دژایەتی کردنی ئەو گەلە، ڕەخنەی لە پەرتەوازیی و ناهاوئاهەنگی بۆ کاری هاوبەش لە نێوان حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرت. پێویستە بگوترێ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام و بەڕێوەبەرایەتی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەشداری ئەو کۆڕیادە بوون و هاوخەمیی خۆیان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە راگەیاند. لە کۆڕیادی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدانی شەوی یەڵدای قەڵای دێموکڕات بە دەستی ڕەشی ترۆریستی کۆماری ئیسلامی ئیران کە، پێشتر لە کوردکاناڵ بڵاو کرابۆوە پێشکەش کرا.