کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنێکی هێمنانە بۆ ڕیسوا کردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا - هولەند

18:59 - 11 بەفرانبار 2716

رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠/١٢/٢٠١٦ کۆڕیادێک بۆ شەرمەزارکردنی تێرۆری شەوی یەڵدای خوێناویی و بەرز راگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ئەو رووداوە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێ لە شاری "لاهە" پێک‌هێنرا. سەرەتای ئەم کۆڕیادە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و دوای ئەویش چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر چەند وتەیەک بەو بۆنەوە لەلایەن بەرێز مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بەرپرسی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بەشداربووان کرا. دوای وتەکانی بەڕێز مستەفا شەڵماشی، پەیامی دەفتەری سیاسی لەلایەن مەحموود ریشە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی هوڵەند خوێندرایەوە و دوای پێشکەش کردنی ئەم پەیامەش هەر کام لە لایەنەکانی بەشداربوو پەیامی خۆیان خوێندەوە و، هەر کام لەو هێزانە لە پەیامەکانیاندا ئەو تێرۆرەیان بە توندی مەحکووم کرد و ئامادەیی و پشتگیریی خۆیان بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دووپات کردەوە و هیوایان خواست کە کورد زیاتر لە جاران یەکگرتوو بن و داوایان لە هێزەکانی باشووری کوردستان کرد، کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تێرۆرە هاوکار بن و راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان ئاشکرا بکەن . کۆڕیادەکە بە وتنەوەی دروشم بە دژی کۆماری ئیسلامی و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ رێبازی شەهیدان کۆتایی پێهات. لایەنەکانی بەشداربوو لەم کۆبوونەوەیەدا بریتی بوون لە: - پارتی دێموکڕاتی کوردستان - یەکێتی نیشتمانیی کوردستان - بزووتنەوەی گوڕان - حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران - کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران - هەڤکاری پارتە کوردستانییەکان لە هوڵەند - کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان - پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) - حیزبی سوسیالیستی دێموکڕاتی کوردستان - پارتی سوسیالیستی کوردستان - ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک پار) - یەکێتیا دێموکراتا کورد لە سووریا (یەکیەتی) - یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان - پارتیا دێموکراتا کورد لە سووریا (الپارتی) - حیزبی کۆمۆنیستی عراق- نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان - و یەکێتی نەتەوەی دێموکراتی کوردستان