کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ شاری "ستاڤانگێر"ی وڵاتی نۆڕوێژ، خۆپێشاندانێک دژ به‌ کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌چوو

18:47 - 12 بەفرانبار 2716

کومیته‌ ناوچه‌ی "رۆگلاند"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ هاوکاریی یه‌کیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به‌ به‌شداری کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب و کوردانی نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌، خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان دژ به‌ کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌به‌رده‌م قه‌ڵای دێموکرات، وه‌ڕێخست. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٨-١٢- ٢٠١٦، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندانێکیان بۆ مەحکوومکردنی تەقینەوەکانی بەردەم سکرتاریای حیزبی دیموکرات کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی پۆلێک له‌ پێشمەرگەکانی دێموکرات و دوو که‌س له‌ هێزه‌کانی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان، وه‌رێخست. لەو خۆپێشاندانە دەیان هاووڵاتی کوردی دانیشتووی شاری "ستاڤانگێر" بەشدارییان تێدا کردو لە ناویاندا کوردانی پارچەکانی‌تری کوردستانیش بەشدار بوون، بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا بەشدارییه‌کی بەرچاویان هەبوو. خۆپێشاندەران کە دروشمی دژ به‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وێنەی شەهیدانی "یەڵدای خوێناویی دێموکرات"یان هەڵگرتبوو، خوازیاری مەحکوومکردنی تاوانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئێسلامیی ئێران بوون و داوایان لە کۆمەڵگەی نۆروێژی کرد کە هاودەنگی کوردان بن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. ئامانجی خۆپێشاندانەکە تێگەیاندنی زۆرترین خەڵکی نۆروێژی بوو لە کردەوە تێرۆریستییەکانی رژیمی ئێران، هەر بۆیەش بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و برۆشوور بە زمانی نۆروێژی لە ناو خەڵک و رێبواراندا بڵاو کرایه‌وە.