کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پژاک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد

16:01 - 22 بەفرانبار 2716

هەیئەتێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە تەقینەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدای حیزبی دێموکڕات و هێنانەبەرباسی کۆمەڵێک پرسی سیاسیی ڕۆژ سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد. ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار هەیئەتێکی پژاک بە سەرۆکایەتیی سیامەند مۆعینی، هاوسەرۆکی ئەو رێکخراوەیە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو سەردانە سیامەند موعینی بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوەکەیان هاوخەمیی قووڵی خۆی سەبارەت بە شەهیدبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگە و تێکۆشەری حیزب لە تەقینەوەکەی شەوی یەلدادا بە ڕێبەریی حیزب ڕاگەیاند. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دیدارە هەیئەتی پژاک بە ئاماژە بە کۆنگرەی ٥ی ڕێکخراوەکەیان و ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە پێکهاتەی ڕێبەریی ئەو حیزبەدا کراوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوپێوەندیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبدرێتەوە. بەڕێزیان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی ئەوەیە کە پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لاواز بکاو، لێرەدایە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ ڕێگە بەو رەوتە بگرن و بە قورسایی خۆیانەوە بێنەوە نێو ئەو هاوکێشە و گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە ئێران و ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. لەو دیدارەدا مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای خوێندنەوەیەک لە ستاتۆی ئێستای کۆماری ئیسلامی و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە سیاسەتی حیزبی دێموکڕات لەمەڕ پشتگیری لەو بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییانە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن یان وەڕێ‌دەکەون. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لە درێژەدا بە ئاماژە بە تەقینەوەکەی شەوی یەلدای بەر بنکەیەکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گوتی کۆماری ئیسلامی لەمێژە سیاسەتەکەی ئەوەیە شەڕی خۆی لەگەڵ دژبەرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بکا و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا ئەو سیاسەتە لە ئاستی کەلانیش‌دا لە عێڕاق، یەمەن، بەحرەین، سووریە و ئەو وڵاتانەدا درێژە پێدەدا. باس لە سەر چۆنیەتیی پێوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان‌ و پێویستیی لێک‌نیزیکیی زیاتری لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی دروستکردنی لێک‌تێگەیشتنێکی هاوبەش، چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی دوو هەیئەتی پژاک و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو.