کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد

15:56 - 25 بەفرانبار 2716

لە کۆبوونەوەی هەیئەتێکی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان‌و ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا کۆمەڵە پرسێکی سیاسیی کوردستان و ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی٢٤ی بەفرانبار هەیئەتێکی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوو لە بەڕێزان د. ئەرسەلان بایز و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی‌و مامۆستا بەکر مستەفا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان‌و، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەریمی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان کردو؛ لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات‌و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرا، کۆمەڵە بابەتێکی ڕۆژەڤی سیاسیی کوردستان و ناوچە قسەوباس‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. هەیئەتی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەو دیدارەدا هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە شەهیدبوونی پۆلێک تێکۆشەری حیزبی دێموکڕات بەهۆی تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای بەر قەڵای دێموکرات دەربڕی‌و؛ هیوایان خواست کە ڕووداوی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوەو ئەوەش پێویستە خەمی هەموو لایەک بێ. پرسە سیاسییە هەستیارەکانی ئێستای کوردستان‌و ناوچەو؛ تاوتوێی زیاتری ڕووداوی تەقینەوەکەی شەوی یەلدای حیزبی دێموکڕات‌و هەروەها، پێداگری لە سەر بەردەوامیی پێوەندیی باش‌و هەمەلایەنەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان چەند تەورێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوون