کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازاد هونەرپەژووهـ لە ئامێزی شەهیدانی حیزبی دێموکرات‌دا ئارامی گرت

21:25 - 29 بەفرانبار 2716

ئازاد هونەرپەژووهـ، لاوی دێموکڕات و جوانەمەرگی ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بەفرانبار، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ کۆچی‌دوایی کرد، لە مەزاری شەهیدانی حیزب‌دا نێژرا و ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشییەکەی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبدا بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوەچوو، مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە وتارێکی پێشکێش کرد. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە قسەکانیدا وێڕای باس لە پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرزی بنەماڵە هونەرپەژووهـ لە ناوچەی بۆکان، تێکۆشان و خەمخۆریی لاوی دێموکرات  ئازاد هونەرپەژووی بەرزنرخاند و لە لایەن بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکراتەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری ئازاد هونەرپەژوو کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بەڕێوەچوو، بەدرەدین ساڵح یەكێک لە هاوڕێ و هاوکارەکانی ئازاد هونەرپەژوو‌هـ، لەسەر کەسایەتی و هەڵسوکەوتی نیشتمانپەروەرانەی ئازاد هونەرپەژووهـ بۆ بەشداران دوا. شایانی باسە ئازاد هونەرپەژوو  ئەندام و لایەنگری خوێن گەرمی حیزبی دێموکرات رۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانبار بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە رێگەی پیرمام_هەولێر کۆچی دوایی کرد.