کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی ئەنیستیتوی مێری سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد

21:38 - 29 بەفرانبار 2716

لە کۆبوونەوەی د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی ئەنیستیتۆی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)و هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا کۆمەڵە بابەتێکی ڕۆژەڤی سیاسیی کوردستان خرانە بەرباس‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی بەفرانبار د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئەنیستیتۆی مێری سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کردو لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازیی لێکرا. لە سەرەتای ئەو دیدارەدا د. دلاوەر سەبارەت بە شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە تەقینەوەکەی شەوی یەڵدا لە بەر بنکەیەکی دەفتەری سیاسیی حیزب هاوخەمیی خۆی لەو ڕووداوە دەربڕی، هاوکات پیرۆزبایی هەڵبژێرانی سکرتێری نوێی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە هەیئەتی خانەخوێ کرد. سەرۆکی ئەنیستیتۆی مێری لەو دیدارەدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەنیستیتۆی مێری لە کۆکردنەوەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتری، تیشکی خستەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەو پڕۆسەیەو، گوتی: ئێمە لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا دەمانەوێ ئەو ڕەوتە هەر لە چوارچێوەی دیدارو قسەکردندا نەمێنێتەوەو ئەو دانیشتنانە نەبنە تاکە ئامانج، بەڵکوو بچێتە خانەی هەندێ پڕۆژەی بەکردەوەو هەنگاو بە هەنگاو لە ئامانجە بنەڕەتییەکە نیزیکتر بێتەوە. بەڕێزیان بوونی تێڕوانینی جیاواز و بۆچوونی جۆراوجۆر لە نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی بە شتێکی سروشتی زانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە بڕیارەکان‌و دەرکەوتە سیاسییەکان دەبێ لە پێناو سەرخستنی پرسی سیاسی و خەمە هاوبەش‌و گشتییەکە بێ. لەو دیدارەدا کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەوڵەکانی ئەنیستیتۆی مێری بۆ کۆکردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دیبەیتێکی هاوبەشی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئەو کۆبوونەوەیە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەدواداچوونی بۆ هەموو ئەو بابەتانە کردوە کە لە دوای دیبەیتەکەی مێری‌دا هاتنە گۆرێ. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای خستنەبەرباسی ئەو گریمانە زەینییانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن لێی دەرباز بن، ئەو دۆخەی بەدەر لە بەرژەوەندیی پرسی سیاسیی کورد لە ئێران ناوبرد. بەڕێزیان لە درێژەدا بە ئاماژبە زیندوویەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیان تیشکی خستە سەر ئەوەی خەڵک بە "تاک" ڕەخنەی لە هەموو حیزبەکان هەیەو بە "کۆ"ش چاوەڕوانییان لە هەموو ئەو حیزبانە هەیە کە گوتاری هاوبەش‌و هاوپێوەندیی زیاتریان هەبێ. باس لە گۆڕانکارییە قووڵ‌و بنەڕەتییەکان لە ناوچەو پێگەی کورد لەو هاوکێشانە بابەتێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو. لەو بەشە دوولایەن بە ئاماژە دەرفەت‌و مەترسییەکان پێداگربوون لەسەر ئەوە کە، تەنیا یەکخستنی نێوماڵی کوردی‌و هاوپێوەندیی باشی هێزە سیاسییەکان دەتوانێ دەسکەوتی گەورەو مێژوویی بۆ کورد مسۆگەر بکا، ئەگینا پەرتەوازەیی سیاسی توانای دەستێوەردانی وڵاتانی نەیارو دەرەکی لە دۆزی کورددا زیاتر دەکا.