کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی ح د ک لە کۆڕی ماتەمینی کاک نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەمریکا

20:36 - 1 جۆزەردان 2717

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مەی ٢٠١٧ نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز کاک کامڕان باڵنوور لەگەڵ شاندێک لە ئەندامانی حیزب، لە ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی خوالێخۆشبوو بەڕێز نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییان کرد. ئەم مەراسیمە بە بەشداری کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، ڕۆژنامەوانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوەچوو. ئەم ڕێوڕەسمە ماوەی دوو ساعەتی خایاند و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک تەنیا حیزب بە خوێندنەوەی بابەت تێی‌دا بەشدار بوو. کاک کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەمیانەی وتارەکەی‌دا گوتی: بێ‌گومان مەرگی هەر سەرکردەیەکی سیاسی خەسارێکی گەورەیە بۆ حیزب و لایەنەکەی خۆی و لە هەمان کاتیش‌دا بۆ بزووتنەوەی کوردی بە گشتی، بەتایبەتی ئەگەر جگە لە ئەرکی سیاسی، ڕێبەرێکی ئاوانگارد و کاریزما بێ و لەمەش گرینگتر لە سەر ساحەی نووسین و لێکۆڵینەوە و خەسارناسیی مێژوویی بزووتنەوەی کوردیی قسەی جیددی بۆ کوتن پێ بێ. بەڕێز نەوشیروان مستەفا وەها سەرکردەیەک بوو. ناوبراو پاشان وتی: ئەوەی زۆر گرینگە ئەوەیە کە خوالێخۆشبوو بەڕێز نەوشیروان مستەفا ئەمین، لە پاش خەباتێکی خوێناوی لە شاخ و سەرکەوتن، بە هێندە هۆکار کە ڕەنگە لێرە مەجالی باس کردنیان نەبێ، لە حیزبی دایک جودا دەبێتەوە و بزووتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێنێ. ئەم بزووتنەوەیە لە شار دادەمەزرێ و خەباتی مەدەنی دەکاتە ستراتیژی سەرەکی وەک میکانیزمی گۆڕان. گۆڕان دەبێتە ڕەخنەگری دەسەڵاتی کوردی، شتێک کە پێشتر هەرگیز بوونی نەبوو. نوێنەری حیزب لە کۆتایی قسەکانی‌دا کوتی: شک لەوەدا نییە کە بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرکردایەتی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا ئەمین، توانی ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، بەدەر لە هەموو پێشداوەرییەکی بایەخدارانە جێ‌پەنجەی لە مێژووی کوردستان و کورددا دیار و بەرچاوە. مەراسیمەکە ساعەتی شەشی ئێوارە بە سپاسی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئامادەبووان کۆتایی پێهات.