کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان

04:50 - 2 جۆزەردان 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧ کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە چوو. سەرەتای کۆنفرانس بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ریزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد. دوای ئەم بەشە لە لایەن دوو ئەندامی کۆمیتەی بەریوەبەری حیزب لە ئاڵمان بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و پاشان بەرنامەی کاری کۆنفرانسیان خاڵ بە خاڵ پێشکەش بە بەشداربووان کرد. سەرەتای کۆنفرانسەکە بەرێز مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. بەرێزیان بە چاوخشاندنێکی خێرا بە دۆخی سیاسی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی ڕوانینی دونیای دەرەوە بۆ دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، بە قازانجی بزوتنەوەی نەتەوەی کورد لە چوار بەشی کوردستان وەسف کرد و باسەکەی خۆی بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی پرسی کورد لە رۆژئاواو باشووری کوردستان درێژەدا و لە پەیوەندی لەگەڵ باکوورو رۆژهەڵاتی کوردستان گووتی: ئەو بەشانەی کوردستان، بۆ زیاتر مەتڕەح کردنی پرسی کورد بە شیوەی جۆراوجۆ خەباتی خۆیان درێژە دەدەن و خەباتی فرە ڕەهەندی بە ئەمرێکی پێویست و گرینگی نەتەوەی کورد لە قەڵەم دا. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، باسێکی لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆرەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا کرد و گووتی سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە زۆر بواردا توانیویەتی وڵامدەری بەشیک لە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بێ و هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی مەدەنی ئەرکی کۆمەڵگا قسەی کرد. دواتر لە سەر لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار دا گووتی، هێنانە گۆری "پڕۆسەی رۆژهەڵات تەوەری" و دامەزراندنی "پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان" بۆ ئەوەی کە لە هەموو رەهەندەکانی خەبات بە قازانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد کەڵک وەر بگرین و ئەوەی بە دەسکەوتێکی گرینگی خەباتی ئەمرۆی دێموکرات زانی. شەڵماشی لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی دا بو باس کردنی ئەو واقعییەتەی کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست قەزییەی کورد ئەگەرچی گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر دا نەهاتووە، گووتی: نابێ دەرفەتەکان لە دەست بدەین و دەبێ هەوڵ بدەین کە بە هێنانە گۆری داخوازی و ویستی گەلەکەمان زیاتر بچینە نێو پرۆسە و دەرفەتەکان. سەبارەت بە کاری گرووهی و لێک نزیکبوونەوەی حیزبەکان لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران دا گووتی کە یەکریزی حیزب و لایەنە سیاسی‌یەکان هیوا و ئۆمێدی زیاتر بە کۆمەڵگای کوردستان دەبەخشی و لەو پەیوەندی‌یەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی ئەگەرچی ڕوانگەی تایبەت بە خۆی سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی شۆرای گوند و شارەکان دا هەبووە، و بە لەبەر چاوگرتنی ئەو واقعییەتەی کە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورددا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، هەڵبژاردنەکانی تەحریم کرد و یەکگرتوویی و یەکریزی هێزەکانی فەرز کردووە بە سەر بۆچوون و ڕوانگەی خۆی دا . لە پانێلێکی دیکە ئەم کۆنفرانسەدا بەریز حەمەڕەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی ولاتی حدک چەند وتەیەکی سەبارەت بە تەشکیلات و ئەرکەکانی ئەندامی حیزب پێشکەش کرد. لە سه‌ره‌تا دا بابه‌تێكی پوختی لە سەر شێوەی کاری تەشکیلاتی و چۆنیەتی کاری گرووهی و سازماندەیی حیزب و ئەرک و مافی ئەندامانی حیزب و چۆنیەتی هەڵس و کەوت لە باری تەشکیلاتی و هەروەها شێوەی کەڵک وەرگرتن لە دونیای مەجازی بە قازانجی حیزب و شێوەی پەیوەندی گرتن لە نیوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و هەڵوێستی حیزبی سەبارەت بە بیرورای جیاواز و ئازادی گوتار لە نێو خۆ و دەرەوەدا بە گشتی هێنایە بەرباس و دواتر ئاورێکی لە خەباتی فرە رەهەندی حیزب دایەوە و گووتی کە خەباتی حێزبی دێموکراتی کوردستان، پێویستی بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هەیە و پێویستە کە ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان بە هێز و بەهیزتر بکەین و ئەو بازنەیە بەرفراوناتر بکەینەوە . بەڕێزیان بە باس کردن لە دۆخی تەشکیلاتی ئێستای حیزب و سیاسەتی حیزب لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند: ئەگەرچی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و فەلسەفەی دامەزرانی لەسەر بناغەی ئازادی و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز دامەزراوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا خاوەنی پرنسییب و ئوسوولی خۆیەتی. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ ماف و ئەرکی ئەندامانی حیزب دا ڕایگەیاند کە ، هەموومان دەبێ بە یەکەوە کار و ئەرکەکان ڕابپەرێنین و هاوکاتیش مافی تاک و کۆ لە نێو حیزبدا دەبێ سرنجی تایبەت بە خۆی پێبدرێ، هەر لەم بەشەدا گووتی پاراستنی نەهێنی تەشکیلاتی و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ سەرکەوتنی هەرچی زیاتری حیزبەکەمان. کەریمی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەموو دام‌و دەزگایەکی حکوومی و غەیرە حکوومی و حیزبی دا پێویستە گرینگی بەوە بدرێ کە " کەسی شیاو لە شوێنی شیاو" دابندرێ بۆ ئەوەی چارەسەری کەم و کوری‌یەکانی پێ بکرێ. لە بەشێکی دیکە لە کاری کۆنفڕانسەکە دا کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان چەند باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ کاروچالاکی کۆمیتە پێشکەشی بەشدار بووان کرد. بەڕێزیان بەشداریکردنی ئەندامانی لە بۆنەو ڕێوڕەسمە جۆراوجۆر و نەتەوەیی و مێژووی‌یەکان و هەروەها پەیوەندی گرتن لەگەڵ سیاسییەکانی ئاڵمانی و کوردستانی و ئێرانی ، بەرز نرخاند و هاوکات ئاوڕی لە بەشە جیاجیاکانی کاری کۆمیتە دایەوە و لە چەند بەشدا راپۆرتی کۆمیتەی پێشکەش کرد. لە پەنێلێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا "خالید حەسەنپوور" ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی بەشی پەیوەندی‌یە ئێرانی‌یەکان چەند وتەیەکی پێشکەس کرد. بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە ئاستی پەیوەندی و چۆنییەتی پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئەحزاب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران دا باسێکی کورتی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. بەڕێزیان بە باسکردن لە گۆڕانی سیاسی و هەلومەرجی هەنووکەیی ئێستای ئێران دا ڕایگەیاند، لە ژێر ڕووناکایی ئەم واقعییەتەدا بەستێنێکی باش بۆ کارو چالاکی هاوبەش ڕەخساوە، لەم پێوەندییەدا باس و ئاڵوگۆری بیروڕا لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵترناتیڤی نوێ و چۆنیەتی سیستەمی حوکمڕانی لە ئێرانی داهاتوودا بۆ بەشدار بوان کرد. پاشان بەشداربووانی کۆنفرانس بە دڵسۆزی و خەمخۆری‌یەوە و زۆر چالاکانە بە پێشنیار و تێبینییەکانی خۆیان و بە ئاراستە کردنی پرسیاری جۆراوجۆر لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی دەرگایەکی دیالۆگ لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی، کۆنفڕانسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و دواتر هەر لەو پەیوەندی‌یەدا لەلایەن بەرێزان مستەفا شەڵماشی و هاورێ حەمەرەسووڵ کەریمی و دواتر کاک سوڵتان گولاوی‌یەوە وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە. شایانی باسە لە بەشی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا دەستەی بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان هەڵبژێردرا. و بەم چەشنە کۆتایی بە کۆنفرانسی کۆمیتەی ئاڵمان هات.