کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداریی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له کۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تیی زانکۆی کوردستان سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی کوردستان

05:49 - 4 جۆزەردان 2717

له‌سه‌ر بانگهێشتنی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ستراتژی و نێونه‌ته‌وه‌یی زانکۆی کوردستان له هه‌ولێر، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له کۆنفڕانسێک که سه‌باره‌ت به داهاتووی باشووری کوردستان به به‌شداریی سه‌دان که‌س له دیپلۆماته‌کان و که‌سانی سیاسی و ئه‌کادیمی رێک خرابوو به‌شدار بوو. رۆژی ٢٤ ی مای ٢٠١٧، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له کۆنفرانسی زانکۆی کوردستان که له‌ژێر سه‌ردێری "کوردستانی عیراق له دوورێیانی سیاسه‌ته‌کانی ناوخۆ و رۆژهه‌لاتی نێوه‌ڕاست" رێک خرابوو به‌شدار بوو. له سه‌ره‌تای کۆنفرانسه‌که‌دا پاش وته‌ی به‌خێرهێنان و شیکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست و ئامانجی کۆنفرانسه‌که له‌لایه‌ن سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان له هه‌ولێر، به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان وته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان و ئاینده‌ی ئه‌و به‌شه‌ له کوردستان له‌به‌ر رووناکیی دووره‌دیمه‌نی کۆتایی هاتنی داعش و ئاڵۆزی و گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانی عیراق و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێشکه‌ش کرد. دواتر کاره‌کانی کۆنفرانسه‌که و باس و خواسه پێوه‌ندیداره‌کان له چه‌ندین پانێلدا که‌وتنه به‌ر گفتگۆ.  پانێله سه‌ره‌کییه‌کان بریتی بوون له فێدرالیزم، جیابوونه‌وه و به‌ره‌سمی ناسین له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا، سیاسه‌تی وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌تی ئێران و تورکیه له به‌رامبه‌ر کوردستانی عیراق و سیاسه‌تی زلهێزه‌کان به‌رامبه‌ر  به  کوردستانی عیراق که له چوارچێوه‌ی هه‌رکام له‌م پانێلانه‌دا ژماره‌یه‌ک پسپۆڕ و سیاسه‌تمه‌دار قسه‌یان کرد. جێگری سکرتێری گشتیی حدک له په‌راوێزی ئه‌م کۆنفرانسه‌دا له‌گه‌ل ژماره‌یه‌ک له سیاسه‌تمه‌دار  و دیپلۆمات و که‌سانی ئه‌کادیمی گفتگۆی کرد و سه‌رنجی ئه‌وانی بۆ لای پرسی کورد له ئێران و خه‌باتی کورد  له‌و به‌شه له کوردستان راکێشا.