کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمیناڕیک تایبەت بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ

21:57 - 4 جۆزەردان 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٤جۆزەردان کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە و ئامووزشی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ سیمینارێکی بۆ هاوڕێ کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک پێکهێنا. سەرەتای سیمینارەکە بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئامووزش ئاسۆ حەسەن‌زادە مەبەست لەو کۆبوونەوەیەی بۆ بەشداران شی‌کردەوە و، پاشان کەماڵ کەریمی باسەکەی خۆی لەژیرناوی خەسار‌ناسی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی کە لە ئێران بەڕێوەچوو پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. کەماڵ کەریمی سەرەتا بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی نێو ئێران و کوردستان، چ وەکوو تاکتیکی سیاسی و، چ وەکوو ستراتێژی، لەو بارەوە کورتەیەکی بۆ ئامادەبووان باس کرد و، خویندنەوەو هەڵوێستی سیاسی حیزبی دیموکراتی لە ڕێفراندۆمی سەروبەندی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی تا ساڵی ٩٦ی هەتاوی واتا دوایین هەڵبژرادنی سەرۆ‌ک کۆماری و شوڕای شار و گوندەکانی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوەو لەو بارەوە وتی: هەڵبژاردن پرۆسەیەکی یاساییە کە لە هەموو وڵاتان بەڕێوەدەچێ و حیزبێکی سیاسی دەبێ بە پێی هەلومەرج، لەو بارەوە خوێندنەوەی سیاسی خۆی هەبێ ، بۆ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵوێستمان لە هەمبەر هەڵبژاردنەکان تاکتیکێکی سیاسی بووە نەک ستراتێژێکی. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی لە هەبوونی دوو ڕوانگەی ڕوخان و گۆڕانی کۆماری ئیسلامی کردو لەوبارەوە بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ کرد و ڕایگەیاند؛ بە نیسبەت ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، یان هەر دەسەڵاتێکی دیکە ، سێ فاکتەری سەرەکیی دەور دەبین. یەکەم فاکتەری دەرەکییە، وەکوو کۆدەنگی جیهانی بەتایبەتی زلهێزەکان کە تائێستا گوشاریک و هاودەنگییەکی بەرچاو لەوبارەوە مەترسی نیە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و، لەم دواییانە دوای سەردانی تڕامپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکۆکییەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچە باس لە هاوپەیمانی دژبە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێ. فاکتەری دوویەم ئۆپۆزسیونە، کە دۆخی ئێستای ئۆپوزسیون کە بەداخەوە زۆربەیان پێیان لەسەر ئەرزی واقعی سیاسیی ئێران‌دا نیە و ئەمەش دەبێ وەکوو خەسارێک سەرەنجی بدرێ. فاکتەری سێیەم خەڵک و کۆمەڵگەی چالاک و ئاکتیڤی ئێرانە کە زۆرینە بە کردەوەش سەلماندویانە کە لەگەڵ گۆڕانی رەفتاری سیاسی ئێرانن نەک روخان، ئەم سێ فاکتەرە دەتوانی بەرچاو ڕوونی ببەخشێ بە لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان. کەماڵ کەریمی لە بەشێکی دیکە لە سیمینارەکەی‌دا بە ئانالیزکردنی رێژەی بەشداریی کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وتی؛ بەدەر لە دەنگە سووتاوەکان ئەگەر لەسەتا ٦٠ی خەڵک بەشدارییان کردووبێ، بەجۆرێک هاتنە مەیدانێکی سیاسییە بۆ خێراکردنی گۆڕان لە سیستمی کۆماری ئیسلامی و، بەمانای دەنگدان بە ئەو سیستمە داخراوەیە نیە. دوابەدوای وتەکانی کەماڵ کەریمی لە گفتوگۆیەکی کراوەدا، بەشێک لە بەشداربووان ڕەخنەو پرسیاری خۆیان باس کردو دواتر لەلایەن کۆڕگێڕەوە وەڵام‌درانەوە شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە کادرو ئەندامانی حیزبی، بەشداری ئەو سیمینارە سیاسییە بوون.