کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی بایکۆت نوێنەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ بوونەوە.

02:14 - 7 جۆزەردان 2717

نوێنەرانی لایەنە سیاسیییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە یەکەوە هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ئێرانیان بایکۆت کردبوو، ئەمڕۆ شەممە ٦ی جۆزەردان(٢٧/٥/٢٠١٧)، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەڵوێستە هاوبەشەیان، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە. دوای بیروڕا گۆڕینەوە‌و تاوو توێی خوێندنەوەکانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنانە، هەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی کاریگەریی ئەم هەڵوێستە هاوبەشە لە سەر بە ناو هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە کوردستان، لە توێی ئەم چەند خاڵە دا خستە ڕوو: ١- کۆدەنگی‌و یەکهەڵوێستیی ٦ حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ یەکەم جار لە بایکۆتی بە ناو هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ئێران بە هۆی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە خۆی نواند، هەنگاوێکی سیاسیی ئەرێنی ولە جێی خۆی دابوو. ئەو لایەنانە وێڕای قامک دانان لە سەر کەموکووڕی و لاوازییەکانی میکانیزمی کارو تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئەم هەڵوێستە ، لە سەر درێژە دان بە کاری هاوبەش و کۆدەنگیی نێوانیان لە داهاتوو دا، پێیان داگرتەوە. ٢- سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕێگای جۆراوجۆری گرتەبەر بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە گەڵ ئەوەی دوو بە ناو هەڵبژاردنی پێکەوە بەڕێوە برد، هەر بە پێی ئامارەکانی دامەزراوە پێوەندیدارەکانی خودی ئەو ڕێژیمە، لە سەر یەک نزیکەی ٤٠ لە ١٠٠ی دەنگدەران لە پارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم بە ناو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردوە. بەشداریی نەکردنی ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە دەنگدان دا کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی بانگەوازی ئەو ٦ حیزبەی رۆژهەڵاتی پێوە دیارە، شیاوی بایەخ پێدان و ڕێز لێگرتنە. ٣- وەک لە بەیاننامەی هاوبەشی پێشووی ئەو ٦ لایەنە دا هاتبوو، هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا، نە ئازاد و دیموکراتیکە و نە دادپەروەرانە. لەم بە ناو هەڵبژاردنەش دا جارێکی دیکە دەرکەوت کە تەنانەت لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە نادیموکراتیکەکانی خودی ڕێژیمیش دا، دەنگەکان بە ئەمانەتەوە ناگەنە شوێنی خۆیان. هەر ئەوە کە گەورە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بۆ خۆیان باس لە ساختەکاریی چەند میلیۆن دەنگ دەکەن، دەری دەخا کە ئامار و داتاکانی تایبەت بە بەشداریی هەراوی خەڵک لەو هەڵبژاردنانە دا، جێگای بڕوا نین و پرسیاری جیددییان لە سەرە. ٤- لایەنەکانی بەشداری کۆبوونەوە لەو باوەڕە دان کە زۆربەی ئەو ڕێژەیەش لە خەڵک لە کوردستان کە بەشداریی دەنگدانیان کردوە، بە هیچ جۆر بۆ تەئید و پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی نە چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هۆکاری بەشداریی ئەوان چ گوشاری دامو دەزگاکانی ڕێژیم بێ، چ هەوڵدان بە هیوای پێكهێنانی لانیکەمی ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی نالەباری ژیانی خۆیان دا، ئەم ڕاستییە لە جێگای خۆیەتی کە خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، ئەگەر دەرەتانی هەڵبژاردنێکی ئازادیان پێ بدرێ، لە جیاتی هەڵبژاردنی ئەم یا ئەو مۆرە و جیناحی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆی دا ڕەت دەکەنەوە. ٥- کۆبوونەوەی هاوبەش لە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،- هەم ئەوانەی ئەم بە ناو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردوە و هەر وەها ئەوانەش کە لە دەنگدان دا بەشدار بوون- داوا دەکا بە دوور لە هیوا بەستن بەم یا ئەو مۆرەی نێو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، پشت ئەستوور بە یەکگرتوویی و شێلگیریی خۆیان، داوای مافە نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی خۆیان بکەن و لە هەر شێوەیەکی گونجاوی خەبات بۆ بردنە پێشی داوا ڕەواکانیان و بەربەرەکانی لە گەڵ ستەم و بێمافی و هەڵاواردنی ئەو ڕێژیمە کەلک وەربگرن. لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیە دا پرێس کۆنفرانسێک بە بەشداریی نوێنەرانی لایەنەسیاسییە پێوەندیدارەکان بەڕێوە چوو. لەم پرێس کۆنفرانسە د، بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە سەر ڕوانگە هاوبەشەکانی لایەنەکانی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ میدیاکان دوا و وڵامی پرسیارەکانی ئەوانی دایەوە. ئەو لایەنانەی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بەشدار بوون بریتی بوون لە: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حیزبی دیموکراتی کوردستان پێویستە بگوترێ کۆمەڵە( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران)، بە نووسراوە روانگە و هەڵسەنگاندنی خۆی لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵوێستی بایکۆت و ئاکامی هەڵبژاردن لە کوردستان، بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ڕەوانە کردبوو کە لە کۆبوونەوەکە دا خوێندرایەوە.