کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک و وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکان و باڵوێزی ئیسڕائیل لە نۆرویژ و ئیسلەند

06:49 - 7 جۆزەردان 2717

چاوپێکەوتنی هەیئەتێکی کومیتەی نۆروێژی حیزب لەگەڵ وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسرائیل‌ "ئەیووب کارا" و "رافائێل چووز" باڵوێزی ئەو وڵاتە لە نۆروێژو ئیسلەند. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێکهاتوو هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی کومیتەی نۆروێژی حدک، بەشداری رێورەسمێکی حیزبی کۆنسێرڤات- مسیحی‌ی نۆروێژ بوون کە بە هاوکاری لەگەڵ کومیتەی سەربەخۆیی کوردستان لە نۆروێژ رێکخرابوو. ئێوارەی رۆژی هەینی، ٢٦-٥-٢٠١٧٧ی زایینی، حیزبی کۆنسێرڤات-مسیحی‌ی نۆروێژی بە هاوکاری لەگەڵ کومیتەی سەربەخۆیی کوردستان لە نۆروێژ، لە سەر داوای ئەیووب کارا، جێگری وزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسرائیل رێورەسمێکیان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ هێزو لایەنە کوردییەکان ‌و هاوکاری هەرچی زیاتری نێوان گەلی کوردستان، ئیسرائیلی‌و نۆروێژییەکان پێکهێنابوو کە "ئێریک ساڵە" سکرتێری حیزبی کۆنسێرڤات-مەسیحی‌ی نۆروێژ، "ئەیووب کارا" وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسرائیل، "رافائێل چووز" باڵوێزی ئیسرائیل لە نۆروێژو ئیسلەند‌ و ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی هێزو لایەنە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە کلتوورییە کوردییەکانی نۆروێژ تێیدا بەشدار بوون. هەیئەتێکی کومیتەی حیزبیش بە سەرپەرەستی کاک سۆران شێرزاد وهاوڕێیەتی کاک ئیدریس ئابدێ بەشداری ئەو رێورەسمە بوون، کە کۆمەڵێک چالاکی هونەری و کلتووری هەردووک گەلی نۆروێژی‌و کوردی لە خۆ گرتبوو. هەر لەو رێورەسمەدا هەیئەتی حیزب لەگەڵ باڵوێزی ئیسرائیل لە نۆروێژ و جێگری وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسرائیل چاوپێکەوتنیان پێکهێنا. لەو دانیشتنە دا هاوڕێ سۆران شێرزاد، وێڕای خۆشحالی دەربڕین بۆ رێکخستنی ئەو رێورەسمەو دیدار لەگەڵ وەزیر و باڵوێزی ئیسرائیل لە نۆروێژ ‌و ئیسلەند، باسێکی کورتی لە سەر بارودۆخی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵات‌ و پێشێلکردنی مافە نەتەوەیی‌، بنەمایی‌ و مرۆییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای کرد کە هەموو ئەو لایەنانەی کە کۆماری ئیسلامی بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان دەزانن پێویستە کەڵک لە دەرفەتەکان‌ وەرگرن و پەرە بە کارو تێکۆشانی هاوبەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ پاشەکشەکردن بۆ کۆماری ئیسلامی بدەن. باڵوێزی ئیسرائیل، وێڕای خۆشحالی دەربڕین لە دیدار لەگەڵ هەیئەتی حیزب، بە کورتی باسی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەتەوە جیاجیاکان‌ کردو وتی: ئێمە پشتیوانی مافی کورد لە هەر چواربەشی کوردستانین‌و کورد بە نەتەوەیەکی دۆست‌و خۆشەویستی خۆمان دەزانین. هەروەها وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسڕائیلیش خۆشحالی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ کوردستانیانی نێشتەجێی وڵاتی نۆروێژو هەیئەتی حیزب دەربڕی. شایانی باسە هەر لەو رێورەسمەدا کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بانگێشتی سێمینارێکی حیزبی کۆنسێرڤات-مەسیحی‌ی نۆروێژیی بۆ رۆژی یەکشەممە کران.