کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکی هاوینی و یەک ڕۆژەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

20:55 - 9 جۆزەردان 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧ کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە دڕێژەی کار و چالاکی‌یەکانی خۆیان دا و بە پێی پلانی دارێژراوی دەستەی بەرێوەبەری، چالاکی هاوینی خۆیان لە شاری ڤێسترۆس لە وڵاتی سوئێد بەرێوەبرد. مەراسیمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان کرایەوە. دواتر لە لایەن خاتوو شلێر حەسەن‌پوور و خاتوو تریفە حوسێنی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە دوو زمانی کوردی و سوئێدی بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان کرا. بەرنامەکە بە وتەیەکی کورت لەلایەن چوار ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان  کە بە چوار زاراوەی شیرینی کوردی ئامادە کرابوون دەستی پێکرد. لە لایەن بەرێوەبەرانی بەرنامە کورتەیەک لە ژیانی شاعیر و نووسەری لاو کاک حەمید شەریفی خوێندرایەوە و داوایان لە بەرێزیان کرد کە بە چەند هۆنراوەیەک بەشداری بکا، بەرێز شەریفی چەند شێعرێکی تایبەت بە ژن کە گوزارش لە خۆشەویستی و بە یەکەوە بوون بوو، بە هەستێکی جوان و بە زمانێکی پاراوی کوردی خوێندنەوە و شێعرەکانی ناوبراو ئاوێنەیەک بوون لە هەست و پاکی بەرامبەر بە ژنان و بە خۆشەویستی. شایانی باسە کە بۆ یەکەم جار سی‌دی شاعیری لاو کاک حەمید لەم کۆڕەدا بڵاو کرایەوە . دوای ئەم بەشە خاتوو شلێر باسێکی کورتی لە ژیانی هونەری دوو کیژی دەنگخۆش خاتوو شنۆ ئەحمەدی و خاتوو باوان کەریمی کرد و داوای لەو  دوو کیژی دەنگخۆش و بەهرەمەند کرد کە چەند گۆرانی‌یەک بە دەنگی بە سۆزی خۆیان پێشکەش بکەن. لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا خاتوو کوێستان بابایی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد باسێکی لە سەر چۆنیەتی دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا کرد و هاوکات باسی پێگەی ژنان لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوو دا کرد و ئاماژەی بە چەند قۆناخی جیاجیای یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆنفرانس و کۆنگرەکانی ئەو رێکخراوەیە کرد و بە پشت بەستن بە بەڵگە، گووتی کە ژنان هەموو کات پاڵپشتی سەرەکی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەیان بوون و هاوکاتیش خەبات لە کوردستان بە بێ بەشداری ژنان کەمایەسی دەبێ و ژنان نموونەی خۆراگری لە خەباتدا بوون و ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە زۆر خۆراگرانە لە مەیدانی خەباتدا شان بە شانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاری ڕێکخراوەیی خۆی بەرێوە بردووە و ئێستاش بە خۆشیەوە ئەم ڕێکخراوەیە لە چەندین وڵاتی دەرەوە و بە تایبەت لە چەند وڵاتی ئوروپایی و یەک لەوان لە وڵاتی سوئێد دا خەباتی خۆی بە شیوازێکی سەردەمیانە و نوێ‌تر درێژە دەدا و باسی لە ڕۆڵ و پێگەی ژن لە وڵاتی سوئێد و لە ڕێکخراوەکەیان دا کرد و گووتی ڕێکخراوەکەیان یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە توانیوتەی هەم لە نێو کۆمەڵگای سوئێد و هەمیش لە نێو ڕەوەندی کوردی دا خۆ دەر بخات و ژنان و کچان و پیاوانی یەکسانیخواز لە ڕێکخراوەکەیان دا کۆبکەنەوە. شایانی باسە لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم بەرنامەیە دا خاتوو کوێستان بابایی، لەوحەی ڕێزلێنان و سپاسنامەی پێشکەش بە چەندین ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کرد کە هەر یەک لەو بەرێزانە بە شێوەیەک لە بوارە جیاجیاکاندا چالاکانە کاریان کردوە بۆ بەرەو پێشبردنی هەرچی زیاتر چالاک بوونی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان. کێ‌بەرکێ و پرسیار و وەڵام بەرنامەیەکی دیکە بوو کە لە لایەن دوکتور سۆزان فەتحی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئامادەکرا بوون و لە لایەن سێ گرووپی بەشداربووی کۆمیتە شارەکانی ئورێبرۆ، ڤێستروس، ئوپسالا و لینشۆپینگ دا بەرێوە چوو. پرسیارەکان جۆراوجۆر و لە هەموو بوارد دا ئامادە کردبوون و دوای هەڵبژاردنی پرسیارەکان، گرووپەکان دەبوو وەڵامی درووست بدەنەوە و ئەوەش شێوەیەک لە زانیاری بەخشین بوو بە خودی گرووپەکان. بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیە لە لایەن خاتوو لەیلا محەممەدی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کە تایبەت بوو بە نیشان دانی جل و بەرگی کوردی پڕ کرابۆوە، لەم بەشەدا خاتوو لەیلا باسی لە چۆنیەتی پاراستنی زمان و جل‌وبەرگ و کولتور کرد و لە هەمان کاتدا ئاوڕی لە هەوڵی نامرۆڤانەی داگیرکەرانی کوردستان سەبارەت بە قەدەغەکردنی پۆشینی جل‌وبەرگ و گوتاری کوردی لە ساڵانی رابردوو دا دایەوە و دواتر گووتی پێداگری خەڵکی کورد لە سەر پۆشینی جل‌وبەرگی کوردی و خوێندنی کوردی نیشانەی هەستی نەتەوەیی کورد بووە و مانەوەی زمان و جل‌وبەرگی کوردی بە یەکێک لە خەباتە پڕ دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە قەڵەم دا و دواتر کچ و ژن و کوڕان چەند نموونەیان لە جل‌وبەرگی کوردی نیشان دا. بڕگەی دووهەم بە خوێندنەوەی دەقێکی کورت لە سەر ژیان و بەسەرهاتی هونەرمەندی پایەبەرزی کوردستان و بەندبێژ و حەیران‌بێژ بەرێز کاک سەید عەلی ڕەحیم‌پوور ناسراو بە سەید عەلی سەردەشتی لە لایەن خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرنامەی هونەری دەستی پێ کرد. خاتوو شلێر بە ئاوڕدانەوە لە ژیانی ٦٠ ساڵەی هونەری و پڕ بەرهەمی کاک سەید عەلی گووتی : لە کاتێک دا نەخوێندەاوری باڵی بە سەر کوردستان دا کێشا بوو، ئەوە هونەرمەندانی وەک سەید عەلی و هاو قەتارەکانی لەم بوارەدا بە زمانی شیرینی کوردی بەند و حەیران و داستانی مێرخاسانی گەلەکەمانیان دەگەیاندە ماڵ و مەزرا و دیواخان و شوێنە گشتی‌یەکان و هەروەها بە گووتنی لاوک و دەلۆ و قەتارە و مەقام باسیان لە جوانی سرووشت، خۆشەویستی، کوردایەتی، دڵداری نێوان کچ و کوڕی کورد، مەسەلە کولتوری‌یەکان و ئایین و ... دەکرد. کاک سەید عەلی سەردەشتی بە خوێندنەوەی شێعرێکی تایبەت بە ژن کە لە نووسینی خۆی بوو، باسی لە گەورەیی ژن و پێگەی ژن لە نێو کورد و داستانەکان دا کرد و دواتر بە گووتنی چەند مەقام و گۆرانی‌یەکی مەجلیسی بەرنامەکەی رازاندەوە، شایانی باسە کە گۆرانی‌یەکانی کاک سەید عەلی سەردەشتی ئاهەنگ و داڕشتن و نووسینی تێکستەکانی هەر هەموویان بەرهەمی خۆی بوون. لە بەشی کۆتایی ئەم چالاکی‌یە کورتەیەک لە ژیانی هونەری و ژیانی رۆژانەی هونەرمەند کاک شۆڕش بۆکانی پێشکەش بە بەشداران کرا و لەلایەن بەرێوەبەری بەرنامە داوا لە بەرێزیان کرا کە بەشی کوتایی بەرنامەکەیان بە دەنگی خۆشی خۆی بەرازێنێتەوە. کاک شۆڕش بۆکانی وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لەوەی کە لە هەندەران توانیوتەی کاری هونەری کە خولیایی منداڵی بووە درێژە بدا، سوپاسی یەکیەتیی ژنانی کرد بۆ پێکهێنانی ئەو بەرنامەیە و دواتر بە هاوکاری هونەرمەندی موزیک‌ژەن کاک بژار لە چەند بڕگەی تایبەت دا گۆرانی‌یەکانی خۆی پێشکەش کردن و بەم چەشنە کەش و هەوایەکی خۆش و ئارامی بە دەنگی خۆشی خۆی بە کۆڕەکە بەخشی و تا درەنگانێک بەرنامەکە درێژەی کێشا و لەم دەرفەتە دا هونەرمەند کاک ئومێد محەممەدی چەند گۆرانی ئارام و دواتر گۆرانی هەڵپەرکەی پێشکەش کردن و ئەویش زیاتر بەرنامەکەی رازاندەوە.