کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵە لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

05:21 - 16 جۆزەردان 2717

هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەو دیدار و دانیشتنەدا پرسی بەردەوامی هاوکاریی بەکۆمەڵ و هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتیی بەرین‌کردن و کاراتر کردنی هاوپێوەندییە خرایە بەرباس. پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی کاک ئەبووبەکر مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو سەردانەدا سەرەتا هەیئەتی میوان باسی ئاکامە سیاسییەکانی تازەترین کۆنگرەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد و لەو پێوەندییەدا باسی لە پەسەندکردنی پلاتفۆڕمی بەرەو یەکیەتیی بەکردەوەی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە گۆڕانکارییە خێرا و بە پەلەکان لە ئاستی ناوچە و پێویستیی بنەڕەتیی دۆخی سیاسیی لە ئێران و کوردستان دەخوازێ کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان چیدی کات بە فیڕۆ نەدەن و لە ژێر چەترێکی هاوبەش‌دا پەرە بە هاوکارییەکانیان بدەن و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٥ی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەیئەتی میوان سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکڕات‌یان بە نیسبەت گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستان و ناوچە و، ئەم ئەرک و پێویستییانەی هێزە سیاسییەکان دەبێ بایەخی پێبدەن؛ خستە بەرباس. هەیئەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان جارێکی دیکەش پێی لەسەر ئامادەیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ پێکهێنانی هەرچەشنە هاوپەیمانی و یەکیەتییەکی بەکردەوەی نێوان حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگرتەوە. لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا باس لە کۆمەڵە بابەت و پێشنیارێک بە مەبەستی کارئاسانییەکان بۆ کار و بەرنامەی هاوبەشی کاراتری دیکەی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرا کە پێویستە لە داهاتوودا گرینگییان بدرێتێ.