کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

15:58 - 4 پووشپەڕ 2717

شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە مەبەستی پێدانی پێشنیاری بەشداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی‌دا سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کرد. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕ شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە سەپەرستیی کاک تاهیر کەمالی‌زادە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازی‌یان لێ‌کرا. لەو دانیشتنەدا باس لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچە و هەستیاریی پرسی کورد لەو هاوکێشانەدا کرا و دوولایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانی خێرا و بنەرەتی دایە و، ئەگەر کورد بە گوتارێکی گشتیگر و بە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکان‌دا بکا؛ دەتوانێ قازانج و دەسکەوتی بارتەقای خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆی لێ‌بکا. لەو دیدارەدا شاندی رێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کورد یەک نەیەوەیە و کوردستان نیشتمانێکە بەڵام دابەش کراوە و ئەگەرچی ئەو دابەشکردنە ڕوانگە و تایبەتمەندیی جیاوازی بۆ هەر کام لەو بەشانە دروست کردوە، بەڵام دەکرێ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە سەر کۆمەڵێک خەتی گشتی و پرەنسیپی نەتەوەیی ساغ ببنەوە و هەموو لایەک لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی‌دا پێبەندی بن. لەو دانیشتنەدا شاندی میوان پێشنیاری خۆیانی بۆ گرتنی کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی" هێنایەگۆڕێ و هەیئەتی خانەخوێ لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەو هەوڵانەی لە پێشووش‌دا بۆ ئەو مەبەستە دراون، ڕای خۆی لەسەر میکانیزمەکانی گرتنی ئەو کۆنفرانسە دەربڕی و رایگەیاند کە بابەتی بەشداریی حیزب لەو کۆنفڕانسەدا تاوتوێ دەکرێ و لایەنی خانەخوێ لە ئاکامەکەی ئاگادار دەکرێتەوە.