کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک لە کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، لە وڵاتی ئاڵمان

06:28 - 6 پووشپەڕ 2717

ڕۆژی یەكشەممە،ڕێكەوتی ٢٥.٠٦.٢٠١٧ كۆبوونەوەیەك لە لایەن چەند حیزب و ڕێكخراوی كوردستانی لە ھەرچوار پارچەی كوردستان،بە بەشداری كۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە شاری ھامبورگ،لە سەر پرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان و پشتیوانی كردن لە ڕیفراندۆم پێكھات. سەرەتای كۆبوونەوەكە بە پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەھیدانی كوردستان، بە تایبەت كۆبانی كە لە ڕێكەوتی ٢٥.٠٦.٢٠١٧،لە لایەن چەتەكانی داعش،٤٥٠ كەسی سیڤیل لەم ناوچەیە كۆمەڵكوژ كران دەستی پێکرد. دواتر ھەموو حیزبە بەشداربووەکان باسیان لە ڕەوشی پارچەكانی كوردستان بە گشتی كرد و شاندی حیزبی دێموكراتی كوردستانیش باسی لە دوایین پێشھاتەكانی ناوخۆی ئێران كرد. لەو باسەدا ئاوڕێک لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئێران و هاودەنگی و کۆدەنگی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەو پارچەی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنانە دا کرا. باسی دۆخی خەڵكی ڕۆژھەڵاتی كوردستان و بە تایبەت كوشتنی كۆڵبەران و كاسبكارانی سەر سنوور كرا، ھەروەھا شاندی حیزب بە پێداگری لە سیاسەتی حیزبەكەمان، پشتگیری ئەرێنی و تەئكیدی خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان و ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. دواتر ھەموو حیزبەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان ئیدانەی سەركوت، گرتن و ئێعدام كردنی ڕۆڵەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستانیان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە کرد. هەر لەو كۆبوونەوەدا تەئكید لەسەر ھاوكاری نێوان ھێزە كوردستانییەكان كرایە و بڕیار درا بە جددییەت لە ھامبورگ و دەورووبەری كار بۆ یەکخستنی هێز و تواناکانی کورد بدرێ.. كۆبوونەوەكە بە بەشداری ھونەرمەندی ناسراوی كورد، بەڕێز "شڤان پەروەر" ئیدامەی پێدراو جەخت لەسەر بەڕێوە بردنی فستیڤاڵێك بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە شاری ھامبورگ كرا. حیزبەكانی بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە بریتی بوون لە - پارتی دێموكراتی كوردستان -حیزبی دێموكراتی كوردستان - پارتی ئازادی كوردستان - پارتی سەربەخۆیی كوردستان - ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان - پارتی دێموكراتی كوردستان - پارتی پێشوەڕۆ پارتی ڤەكھەوی - كۆمكار