کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی سازمانی خەباتی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

05:01 - 7 پووشپەڕ 2717

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی پووشپەڕ هەیئەتێکی سازمانی خەباتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک بابەشێخ حوسێنی، سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتەوە پێشوازی‌یان لێ‌کرا. لەو دیدارەدا سەرەتا کاک بابەشێخ حوسێنی ئاماژەی بەو گۆڕانکاری‌یانە کرد کە لە کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات‌دا لە بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆیی حیزبەکەیان‌دا کراوە و بە تیشک‌خستنەسەر پەسندکراوەکانی ئەم کۆنگرەیە پێی لەسەر پێویستیی بەردەوامی کاری هاوبەش لە نێوان حیزبە سیاسی‌یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگرت. لەو دیدارەدا کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستان و، ئەو فشارانەی لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی‌یەوە بۆ گۆڕینی رەفتاری کۆماری ئیسلامی خراوەتە سەر ئەو رێژیمە؛ باسی لەوە کرد کە ئەو بارودۆخە دەتوانێ بۆ کورد دەرفەتێکی لەبار بێ ئەگەر بتوانێ نێوماڵی خۆی یەک بخا و بە قورسایی زیاترەوە بێتە نێو هاوکێشەکانەوە. دوولایەن لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئاماژە بەوەی بزووتنەوەی کورد ئەزموونی تاڵی لە یەکتر قەبووڵنەکردن و سیاسەتی حەزف و حاشاکردن لە یەکتری هەیە و ئەمە بە جۆرێک وایکردوە کە بزووتنەوەی کورد لە ئێران لە ئێستادا دەسکەوتی شیاوی ئەو هەمووە خەبات و قوربانیدانەی نەبێ، پێ لەسەر ئەوە داگیرا کە ئەو ئەزموونە تاڵە ببێتە پاشخانێک بۆ مەوداگرتن لە خەسارەکانی ئەم سیاسەتە و تین‌بەخشین بە خەبات و تێکۆشانی هەمەلایەنە.