کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

04:40 - 19 پووشپەڕ 2717

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕ شاندێکی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی بە سەرپەرستیی د. مووسا کاوال، سەرۆکی ئەو بزاڤە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا سەرەتا دوکتور مووسا کاوال بە ئاماژە مێژووی خەباتی دوور و درێژی کورد بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاریی نەتەوەیی باسی لە هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەتیی کوردیی سەقامگیر و ،هەروەها چۆنیەتیی دروستبوونی ئەو کیانە سیاسییە سەربەخۆیە لە بارودۆخی ئێستادا کرد. بەڕێزیان بە تیشکخستنە سەر بایەخی پەروەردە و بارهێنانی سەربەخۆ لەسەر پێگەیشتنی نەوەیەکی سەربەخۆییخواز و ئاشتیخواز باسی لە پێویستیی ڕێفۆرم لە ڕەفتاری سیاسی و مێتۆدی پەروەردەیی لە نێو کورددا کرد. دوکتور مووسا کاوال گوتی ئاشتی سیستمێکی زەینییە و ئەگەر ئەو سیستمە زەینییە لە کۆمەڵگادا چێ بکرێ و جێ بگرێ، ئەوا خەباتی کورد بۆ ڕزگاری و ئاشتەوایی سەردەکەوێ، دیارە ئەو زێهنییەتەش ئاوا ئاسان دروست نابێ و تەنیا پەروەردەی سەردەمیانە دەتوانێ دروستی بکا و یارمەتیی یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کورد لە ئێستا و داهاتوودا بدا. لەو دیدارەدا کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە بایەخەوە باسی هەوڵ و تێکۆشان و بەرنامەی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی بۆ ئەو ئامانجانە کرد و لەسەر گرینگی و بایەخی پەروەردە و مێژووی ئەو ڕوانگەیە لە حیزبی دێموکراتدا، ئاماژەی بە چەند بەڵگەیەک لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتی ئەم حیزبە وەک سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان و ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکانی دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوی‌دا کرد کە چۆن سەرەڕای ئاستەنگی زۆر خزمەتی سیستمی پەرورەدە و بارهێنانی سەردەمیانەی لە کۆمەڵگای کوردستانی کردوە. لە درێژەی ئەو دیدارەدا دوو لایەن لەسەر بارودۆخی سیاسیی لە بەشەکانی کوردستان و دەستنیشانکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی لەسەر پشتیوانیی خۆی لە ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆ و هەرچەشنە ئەرک‌وەخۆگرییەک بە مەبەستی سەرخستنی ئەو ئامانجانە داگرت.