کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی رێزدار عەلی قازی لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:48 - 20 پووشپەڕ 2717

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕ ڕێزدار عەلی قازی، کەسایەتیی سیاسی و کوڕی پێشەوا قازی محەمەد سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە پێشوازیی لێکرا. لەو دانیشتنەدا کە بەبەشداریی بەڕێز جەلیل گادانی، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا، کۆمەڵە باسێکی پێوەندیدار بە دۆخی سیاسیی کوردستانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات قسە و باسیان لەسەر کرا. لەو دیدارەدا کاک عەلی قازی خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕی کە خۆی لە نێو کۆڕی هاوڕێیانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دەبینێتەوە، حیزبێک کە پێشەوا قازی محەممەدی باوکی دامەزرێنەری بووە و لە مێژووی زیاتر لە ٧دەیە خەبات و تێکۆشانیدا دەسکەوتی زۆر و پڕ بایەخی بۆ بزووتنەوەی کورد و مێژووی خەباتی ئەو نەتەوەیە دەستەبەر کردوە.