کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات

01:57 - 24 پووشپەڕ 2717

پرسی کورد لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دانیشتنی دوو شاندی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خرانە بەرباس و تاوتوێ کران. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ هەیئەتێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرسیی ئەحمەد چەتۆ، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پێوەندییە سیاسییەکانی ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارە دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرانە بەرباس و هەیئەتی حیزبی دێموکرات خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕی کە ئێستا کورد لە سووریە فاکتەرێکی بەهێزی گۆڕانکارییەکانە و ئەوەش دەخوازێ لە پێناو دەسکەوتی زیاتردا پتر یەکگرتوو بن. شاندی میوانیش بەبایەخەوە باسیان لە مێژووی پتر لە 7 دەیە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ڕزگاریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و مانەوەی ئەم حیزبە لە مەیدانی خەبات دوای شەهیدبوونی سێ کەسی یەکەمی ئەم حیزبەیان بە نیشانەی پێبەندبوونی ئەم حیزبە بە خەباتە ڕەواکەی ناوبرد. لەو دیدارەدا دوولایەن پێیان لەسەر ئەوە داگرت کە کورد چ لەو بەشانەی ئیدارەی کوردستان دەکا و چ لەو بەشانەدا کە خەبات بۆ ڕزگاری دەکا دەبێ نموونە و نوسخەیەکی باش لە فۆرمی حکومەتی و ئیداری و هەروەها خەباتی بەپرەنسیپ پیشانی دنیا و کۆمەڵگای جیهانی بدا.