کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی د.قاسملوو لە ئەمریکا

16:13 - 29 پووشپەڕ 2717

ڕۆژی ١٦ی جولای ٢٠١٧ی زایینی، حیزبی دێموکراتی کوردستان کومیتەی واشنگتۆن ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی ڕێبەری شەهید دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو لەو دەڤەرە بەڕێوە برد. ئەو مەراسیمە بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پێشوازی گەرمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بەڕێوەچوو. سەرەتای یادکردنەوەکە بە بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە بەڕێز خوشکە نەسرین کەریمی دەستی پێکرد. سەرەتا نەسرین خانم وتارێکی کورتی لە سەر کەسایەتی شەهید دوکتور قاسملوو، پێشکەشی ئامادەبووان کرد. پاشان بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی و ڕاوەستان سەر پێ، بۆ ڕێز گرتن لە سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، کۆڕەکە درێژەی پێدرا. لە لایەن خەبات ئیبڕاهیمپوور بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کومیتەی واشنگتۆن، بانگەوازی کۆمسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٨ساڵەی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر (نوێنەری حیزب لە ئورووپا) و دوکتور فازل مەحموود رەسووڵ، لە سەر مێزی وت‌ووێژ بە دەست بە ناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ڤییەن خوێندرایەوە. دواتر  کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان بابەتێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێیدا لە گۆشەنیگایەکی یاسایی و حقووقییەوە دۆسییەی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو خستە بەر باس. نوێنەری حیزب لە ئەمریکا، لە بەشێک لە قسەکانی‌دا کوتی: بەداخەوە دۆسییەی شەهید کردنی دوکتور قاسملوو سەرەڕای بوونی زۆر بەڵگەی مەحکەمەپەسند، هێشتا نەگەیوەتە ئەنجام. کاک کامڕان لە درێژەی قسەکانی‌دا کوتی: ئەگەر بمهەوێ سادقانە بدوێم دەبێ ڕووی ڕەخنەکە لە خۆمان بکەم، بە ئێعترافی ئەوانەی دوکتور قاسملوویان ناسیوە، ئەم مرۆڤە هەڵکەوتەیەک بووە بۆ سەردەمی خۆی و تەنانەت ئێستاش ئێمە پێویستیمان بە خوێندنەوەی سەرلەنوێی ئاسەوار و ئەندیشەکانی هەیە. بۆ دەڵێم ڕەخنە لە خۆمان؟ چون لە ئاستی پێویست‌دا حەولمان نەداوە بۆ ئەوەی دۆسییەی تیرۆرەکەی بکەین بە چەکێکی بەهێز بۆ ئەوەی زەبرێکی کاریگەر و گورچووبڕ لە ئاستی جیهانی‌دا لە کۆماری ئیسلامی بدەین. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە  یۆنس حاجی ئەندامی کومیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەمریکا پەیامی کومیتەی ئاراستەی بەشداربووان کرد. شایانی باسە لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا و ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەمریکا برووسکەی خۆیان پێشکەشی کومیتەی حیزب کردبوو. لە بەشێکی بەرنامەکەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کوردکاناڵ بە ناوی "نامەیەک بۆ شەهید دوکتور قاسملوو" لە نووسینی ناسر باباخانی و خوێندنەوەی خوشکە خەجیج مەعزووری پێشکەشی ئامادەبووان کرا و کەش‌وهەوای دانیشتنەکەی بەرەو دۆخێکی پڕ لە هەست و سۆز برد. دواتر ناسر باباخانی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، بابەتێکی لە ژێر سەردێڕی: "تاک، لە ئەندیشەی سیاسی دوکتور قاسملوودا" پێشکەش کرد. ناوبراو بە ئاماژە کردن بە وتەکانی شەهید دوکتور قاسملوو باسی لەمە کرد کە دوو چەمکی ئازادی و دێموکراسی بەردەوام لە قسەکانی دوکتوردا بوونیان هەیە و ئازادی وەپێش دێموکراسی دەخا، ئەمەش بە واتای ڕێز گرتنە لە کەرامەتی تاک کە دواجار ئەم ڕێز گرتن لە "فردیت"ە چەند ئاکامی لێدەکەوێتەوە کە بۆ داینامۆی شۆڕش پێویستن، کە بریتین لە: پلۆرالیسم (لە قالبی بیروڕای جیاوازدا)، ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و ڕەخنە گرتن لە خۆ. لە دوا بڕگەی بەرنامەکەدا بەڕێز کاک جەعفەر فەقێ نەبی شیعرێکی خاڵە قازی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.